Dlshad Saifaalddin Ahmed
30 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەی دەنگدان و ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە کاتژمێر ھەشتی بەیانی لە بنکەکانی دەنگدان لە سلێمانی دەستیپێکرد و دەرگای بنکەکان بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە، پڕۆسەکە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە دەخایەنێت و کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاندووە وادەی دەنگدان لە کاتی خۆیدا کۆتایی دێت و کاتەکەی درێژ ناکرێتەوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە بنکەیەکی دەنگدانی سلێمانی ئامادەیە لە سەرەتای کردنەوەی دەرگای بنکەی رەوشەن بەدرخان ژمارەیەک ھاووڵاتی لە ھەردوو رەگەز ئامادەن و چاوەڕوانی ئەوەن بچنە ژوورەوە و دەنگی خۆیان بدەن.
لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا ھیچ بنکەیەکی تایبەت بۆ دەنگدانی بەرپرسانی حکومی و حزبی دانەنراوە و پێویستە ھەمووان لەو بنکەیەی خۆیان دەنگ بدەن کە ناویان ھەیە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان شەوی رابردوو شەش بڕیاری نوێی لە بارەی چۆنێتی دەنگدان دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکە لە رۆژی دەنگداندا ئەو دەنگدەرەی رەگەزنامەی عێراقی دەبات پێویستە ناسنامەی باری شارستانیشی پێ بێت، ئەگەر نا ناتوانێت بەشداری دەنگدان بکات.
فەرمانبەرانی سەر سندوق وردبینی لە پەنجەی دەنگدەر دەکات، پێش ئەوەی پەنجە بخاتە ناو مەرەکەبەکەوە، بەپێچەوانەوە رێگای پێنادرێت دەنگ بدات.
بە گوێرەی بڕیارەکانی کۆمیسیۆن، چوونە ژوورەوەی خەڵکانی سەربازی و ئاسایش بۆناو بنکەکانی دەنگدان قەدەغەیە، بەپێچەوانە پاش بوونی بەڵگە و بوونی سکاڵا، دەنگی ئەو بنکەیە بەپێی رەچاوکردنی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن کەلەوبارەیەوە دەرچوون پووچەڵ دەکرێتەوە.
ھەروەھا لە ھەر بنکەیەکی دەنگدان سەلمێنرا کە دەنگدەرێکی تایبەت دووبارە دەنگیداوە، دەنگی ئەو بنکەیە بەپووچەڵ حساب دەکرێت، بەپێی ڕێنماییەکانی کە کۆمسیۆن پێشتر دەریکردووە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆن ئەوەشی راگەیاندووە، پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەبێت.
لە پرۆسەی دەنگدانی گشتیدا، دوو ملیۆن و ٩١٤ ھەزار و ٩٩٢ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و ١٣٤ ھەزار و ٧٦٠ کەسیان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی .
کۆی گشتیی بنکەکانی دەنگدانی گشتی لە ھەرێمی کوردستان بریتییە لە پێنج ھەزار و ٩٤١ بنکەی دەنگدان و لەو ژمارەیە ٤٧٦ بنکە بۆ پاریزگای سلێمانی تەرخانکراوە.
رۆژی ھەینی، ٢٨/٩/٢٠١٨ پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو کەتیایدا بەپێی لێدوانە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن سەدا ٩١،٩٦ دەنگدەر بەشدارییان کردووە.