Hemin Hüseyin
12 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2018
هەولێر-AA
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و ئاژانسی ئەمریکایی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کردنەوەی نووسینگەی بەرپرسیارییەتی لە حوکمڕانی و ئەدای حوکمڕانی عێراقییان راگەیاند.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، نێردەی ئاژانسی ئەمریکایی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، جۆن لیستەر لە بارەی پڕۆژەکەوە گوتی: "جێگەی دڵخۆشییە کە بەو بەیانییە هەستاین بە کردنەوەی پڕۆژەی حوکمڕانی و ئەدای حوکمڕانی لە عێراق و کوردستان، من بەرپرسی سەرەکی پڕۆژەکەم و ئەم پڕۆژەیە لە لایەن وڵاتی ئەمریکایەوە ئامادەکراوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بەرەو پێشەوە ببات، ئەم پڕۆژەیە بوودجەکەی دەگاتە ١٦٠ ملیۆن دۆلار و لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێ دەکرێت و ئەم بوارانە لەخۆ دەگرێت و توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکات لەسەر ئاستی پارێزگاکان و خول دەکاتەوە بۆ باشترکردنی ئیدارەدانی دارایی و یارمەتی کۆمەڵگای مەدەنی دەدات بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری، بە گشتی پڕۆژەیەکی پراکتیکییە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا،جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی: "ئەمڕۆ خۆشحاڵین بە کردنەوەی نووسینگەی (AID) لە پێناوی حوکمڕانی دروست و شەفاف لە هەرێمی کوردستان، بێگومان ئەم پڕۆژەیە چاکسازییە لە بوارەکانی دارایی، ئابووری و باشترکردنی خزمەتگوزاری گەیاندن بە خەڵکی عێراق و کوردستانیش، هەروەها چاودێری و سەرپەرشتی خەرجکردنی دارایی حکوومەت دەکات. لە راستیدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە هەنگاوی ریشەیی بۆ چاکسازی ناوە، بێگومان شارەزایی ئەو تیمە دەتوانێت هاوکارێک بێت بۆ باشترکردنی ئەو بابەتە".
قوباد تاڵەبانی گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە لە رووی خزمەتگوزارییەوە رۆتین کەم دەکاتەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان کە دەچنە فەرمانگەیەک چۆن بتوانرێت کارەکەیان بۆ ئاسان بکرێت، ئێمە لە رابردوودا دەستمان پێکردووە و ئەمەش تەواوکەری کارەکانی ئێمەیە".
هاوکات باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، دۆگلاس سیلیمان گوتی: "ئەم پڕۆژەیە یارمەتی ئەوە دەدات کە سیستەمەکانی پێدانی مووچە و سیستەمەکانی دیکەی خزمەتگوزاری باشتر بکات و یەکێکە لەو پرۆگرامە باشانەی کە دەتوانرێت پشتی پێی ببەستێت بۆ پێدانی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیییان و رێکخستنەوەی سیستەمی دارایی و ئابووری".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تالەبانی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی: "شاندێکی عێراقی لێرەن و چەند گفتوگۆیەک لە نێوانماندا هەیە بەتایبەت بابەتی بانکەکان و دانپێدانان بە هەندێک بانکی دیکە و هیوادارین ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە. بابەتی دووەم گفتوگۆکردنە لەسەر داهاتە نەوتییەکان و، بابەتی سێیەمیش بابەتی مووچەیە و ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بووە لەبارەی پێشکەشکردنی لیستی مووچەخۆران و وردبینیکردنیش پێم وایە خەلەلێک نەدۆزراوەتەوە و هیوادارین کە ئەم کێشەیە یەکلایی بکرێتەوە و سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی بدات بە تیمەکان بۆ پێدانی مووچە و کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان".