ژيان, عێراق

یەکێک لە بەتەمەنترین ژنەکانی جیھان لە کەمپێکی ئیزدییەکان ئاواتی گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆی

ڕوشێ قاسم حسین بەپێی ناسنامەکەی تەمەنی ١٣٦ ساڵە، خەڵکی کۆمەڵگەی دووگرێیە لە قەزای شنگال و لەدوای ھێرشی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ لە کەمپی کەبەرتوو نیشتەجێیە. ئەو ئاواتەخوازە شنگال ئارام بێت و دووبارە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی.

Abdulhameed Husseın Karam  | 04.08.2023 - نوێکردنەوە : 12.10.2023
یەکێک لە بەتەمەنترین ژنەکانی جیھان لە کەمپێکی ئیزدییەکان ئاواتی گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆی

Dahuk

دھۆک - AA

ڕوشێ قاسم حسین ژنێکی ئێزدییە و لە ساڵی ١٨٨٧ لەدایکبووە. ھەموو ئەو ڕووداوانەی بەسەر ناوچەکە و عێراق و شنگالدا ھاتووە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا ئێستای شنگال لە ھزریدا ماوەتەوە. ئەو دەڵێت بێجگە لە داعش دوو فەرمانی دیکەشی دژ بە خۆیان بینووە بەڵام کارەساتی شنگال لە سەردەمی داعش بە رووداوێکی ترسناک و گەورە لە قەڵەمدا.

ڕوشێ قاسم تا ئێستاش قژی بە ڕەنگی سروشتی خۆی ماوەتەوە ئەو لە کاتی قژھۆنینەوەیدا بۆ ئاژنسی ئانادۆڵو دەڵێت، تا ئێستا ھیچ دەرمانێکم بەکار نەھێناوە ھیچ کاتێک قژی خۆم ڕەنگ نەکردووە ھیچ دەرمانێکی جوانکارییەکی بۆ قژ و دەم و چاوم بەکارنەھێناوە.

رەوشێ رادیۆیەکی ھەیە و ھەر کاتێک بێتاقەت دەبێت گوێ لە رادیۆکەی دەگرێت و دەڵێت، "ئەم رادیۆیە ئارامم دەکەت لەبەر ئەوەی غەریبی خاکی شنگال دەکەم و لەو کەمپە بێزار بوومە و خوزگە دەخوازم شنگال ئارام بێت و ھەموومان پێکەوە بگەرێینەوە".

ئەو دەشڵێت: "بەیانیان بە پێ بەنێو کەمپی ئاوارەکاندا ھاتوچۆم دەکرد و دراوسێکانم بەسەر دەکردەوە، بەڵام ئێستا ناتوانم و چاوەکانم بیناییان لەدەستداوە".

رەوشێ بەپێی ناسنامەکەی تەمەنی ١٣٦ ساڵە، خەڵکی کۆمەڵگەی دووگرێیە لە قەزای شنگال و لەدوای ھێرشی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ لە کەمپی کەبەرتوو سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە. ئەو دەڵێت، "پێشتر تەندروستیم باش بوو، بەڵام ئەم چەندساڵەی کەمپ زەحمەتی زۆرمان بینی بەرەبەرە بینایی چاوەکانم لەدەستداوە".

رەوشێ بەھۆی ئەوەی بینایی چاوەکانی لەدەستداوە، ناتوانێت بەباشی رێ بکات و پێویستی بە ھاوکارییە لە کەمپ.

رەوشێ دەگێڕێتەوە کە نەھامەتی و دەربەدەری زۆری بینیوە و فەرمانی ٢٠١٤ لە بیرناچێتەوە، دەڵێت: "لەسەر سفرە بووین و خواردنمان دانا، ھەندێکیمان خواردبوو و ھەندێکی مابوو، ھەر ئەوەندە بوو کە قاسمی کوڕم ھات و منی لەسەر پشتی خۆی دانا و ھەڵاتین. من جگە لە شەڕی داعش دوو فەرمانی دیکەشم بینیوە بۆ سەر ئێمە. من ھیچ نەماوە نەمبینیبێ لە کوشتن و برین تا قژبرینی ژنانی ئیزدی ھەمووم بینیوە".

رەوشێ قاسم تاوەکو ئێستا دوو جار ژیانی ھاوژینی پێکھێناوە و زیاتر لە ١٥٠ نەوەی ھەیە. قاسمی کوڕی رەوشێ، ھاتوچۆی پێ دەکات و ھاوکاری دەکات. بە گوتەی ئەو، ھەتاوەکو پێش ھێرشی داعش، دایە رەوشێ سەرقاڵی ماڵداری و ئاژەڵ بەخێوکردن بووە لە شنگال و ئێستاش ھەر ھەموو رۆژێ خۆزگە بە گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی دەخوازیت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın