هونەر و كلتوور, عێراق

١٥ فیلمی توركی به‌شدارن له‌ ١٢یه‌مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک

لە ١٢یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک كه‌ بۆ ماوه‌ی پێنج ڕۆژه‌ له‌ شاری دهۆك به‌رده‌وامه‌، له‌ سه‌رجه‌می ١١٠ فیلمی به‌شدار، ١٥ فیلم سەر بە سینەمای وڵاتی تورکیان.

Rawan Subhi Obaiullah  | 13.12.2025 - نوێکردنەوە : 15.12.2025
١٥ فیلمی توركی به‌شدارن له‌ ١٢یه‌مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک

Dahuk

دهۆك - AA

لە ١٢یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک كه‌ بۆ ماوه‌ی پێنج ڕۆژه‌ له‌ شاری دهۆك به‌رده‌وامه‌، له‌ سه‌رجه‌می ١١٠ فیلمی به‌شدار، ١٥ فیلم سەر بە سینەمای وڵاتی تورکیان.

ساڵانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک چه‌ندين سينه‌ماكارى كورد لەگەڵ سینەماکارانی جیهان لە شاری دهۆک کۆدەکاتەوە و دەیان فیلمی هەرێمی کوردستان و جیهانی تێیدا نیشاندەدرێن و بووەتە پردێک لەنێوان سینەماکاراندا.

ده‌رهێنه‌رێكێ تورك به‌ ناوی ڕزا ئۆیلۆم، فیلمه‌كه‌ی به‌ ناوی (Rootless resident) كه‌ فیلمێكی دیكیۆمێتاری به‌شداره لە ١٢یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک و ڕۆژی چواره‌می فێستیڤاڵ نمایشكرا، له‌ لێدوانێكی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "‌لە تورکیا دێم، دەرهێنەری فیلمی دۆکیۆمێنتاریم و لە هەمانکاتدا سیناریۆنووسم. ئەوە یه‌كه‌م فیلمی دۆکیۆمێنتاریمە. فیلمەکە باس لە کارەکتەرێکی ئەرمەنی دەکات بۆ خەبات بەمەبەستی فێربوونی زمانی زگماکی خۆی، لەم ماوەیەدا ژیانی خۆی باس دەکات. فیلمەکە لە شارۆچکەی دێرک لە ماردین، لە ئیستانبوڵ و هەروەها لە ئەرمەنستان وێنەی گیراوە، لە ١٢یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک نمایش كرا. پێشتر لە فێستیڤاڵی پورتەقاڵی ئاڵتوونی ئانتاڵیا نمایش کراوە، لەوێ لە بەشی خەڵاتی دۆکیۆمێنتاری خەڵاتی وەرگرت، لێرەش لە هەمان بەش ڕکابەری دەکات".

بەرپرسی ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵەکە حەسەن عارف، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە گرنگی به‌شداری فیلمی توركی له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک كرد و گوتی: "سینه‌مای تورك وه‌كو وڵاتێكی هاوسێ گرنگییه‌كی زۆر بۆ ئێمه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌سا سینه‌مای توركی پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو و خێرای به‌ به‌خۆوه‌ بینیووه‌، هه‌ر ساڵ چه‌ندین فیلمی توركی به‌شدارن له‌ فێستیڤاڵ. ئه‌م ساڵیش لە ١٢یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، ١٥ فیلمی وڵاتی توركیا به‌شدارن كه‌ پێكدێن له‌ كورته‌ فيلم و فيلمى درێژى نێوده‌وڵه‌تى، دۆکیۆمێنتاری".

لە کۆی فیلمە بەشداربووەکانی ئه‌مساڵ، ٢٦ فیلم لە بەشی پێشبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکان. بڕیارە چالاکییەکانی فێستیڤاڵ تاوەکو ١٦ـی ئەم مانگە بەردەوام بێت، ئەمساڵ ئیسپانیا وەک وڵاتی میوان لە فێستیڤاڵەکەدا دەستنیشان کراوە.

ڕەزا ئۆیلۆم لەبارەی گرنگی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆک، هەروەها هۆکاری بەشداریبوونەکەشی دەڵێت: "گرنگییەکی تایبەت دەدەم بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆك، چوار ساڵی بەر لە ئێستاش وەک ڕۆژنامەنووس سەردانی ئێرە و ئەم فێستیڤاڵەم کردبوو، چاودێریم کرد و لەبەر ئەوەی دەزانم کە فێستیڤاڵێکی چۆنە، ویستم بە فیلمێک بەشداربم و لەبەشی فیلمی دۆکیۆمێنتاری وەرگیرام و ئەوە زۆر خۆشحاڵی کردم. دوای ساڵانێکی زۆر کە هاتوومە دهۆک زۆر خۆشحاڵم، پێشم وایە کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆک زۆر گرنگە و لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتیش بایەخی هەیە"

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دھۆک لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دەستی بەکارەکانی کردووە، یەکێکە لە دیارترین بۆنە سینەماییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ساڵانە بانگهێشتی ژمارەیەک لە دیارترین سینەماکارەکانی جیهان دەکات و بەرهەمەکانیان نمایشدەکات. ساڵی رابردوو یازده‌مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بە نمایشی ١٠٧ به‌رهه‌می سینه‌ماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان بەڕێوەچوو.





بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın