Rewan Niheli
29 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2016
سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال وەیس نایف لە دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵودا رایگەیاند سەرەرای کۆنترۆڵکردنەوەی سەنتەری قەزای شنگال، بەڵام لەرووی پراكتیكییەوە تاوەكو ئێستا قەزاکە هیچی بۆ نەكراوە و گوتی:" لە رووی ئیداریەوە سەر بە پارێزگای مووسڵین، بەداخەوە نە لە بوودجەی 2014 و 2015 و نە لە بوودجەی 2016دا بەغدا هیچ پارەیەكی لە گەشەپێدانی پارێزگاكان نەناردووە بۆ ئەوەی خزمەتی شنگالی پێبكەین، سەرەڕای ئەوەی كە شنگال لە سەر دەستی داعش وێران بووە و پێویستی بە ئاوەدانكردنەوەیە".
وەیس نایف ئاماژەی بەوەدا لە بەر نەبوونی خزمەتگوزاریی وەك ئاو و كارەبا و رێگاوبان كە داعش وێرانی كردوون، خەڵكی شنگال زۆر بەكەمی دەگەڕێنەوە، تاوەكو ئێستا 50 تاوەكو 70 خێزان گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەوانیش بە تەواوی نەگەڕاونەتەوە، بۆ نموونە ئەگەر باوكێك هاتبێتەوە كورەكەی هەر لە كەمپەكاندا ماوە.
سەبارەت بەهۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال و دەوروبەری، سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال گوتی: "كێشەكە ئەوەیە تاوەكو ئێستا شنگال ناوچەیەكی سەربازییە، هەروەها ناكۆكی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسیەكاندا هۆكاری سەرەكی نەگەڕانەوەی خەڵكەکەیەتی، پەكەكە لە ناوچەكە كێشەیە، دەبێت شنگال چۆڵبكەن، هیچ ئیشیان لەوێ نەماوە، هاوشێوەی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە پاش تەواوكردنی ئەركە نیشتمانییەكەیان لە شەڕی كۆبانێ گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەو شێوەیەش دەبێت پەكەكە بگەڕێتەوە شوێنێ خۆی، بە تەنها فەرماندەیی شنگال نزیكەی هەشت هەزار پێشمەرگەمان هەیە، هیچ پێویستیمان بە پەكەكە نییە".
وەیس باسی لەوەکرد ئەوان وەكو ئەنجوومەنی قەزای شنگال چەندین جار لەگەڵ پەكەكە كۆبوونەتەوە و داوایان لێكردوون قەزاکە چوڵ بكەن، راشیگەیاند: ''پێمان گوتن ئەمڕۆ شنگال جیاوازە لە 3/8، ئەمڕۆ پێشمەرگە لێرەیە و مانەوەی ئێوە مەترسییە بۆ سەر ژیانی خەڵك، بەڵام هەر سوودی نەبووە و ناچنە دەرەوە''.
سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال ئاشکرایکرد پەكەكە نەدان بە ئیدارەی شنگال و نە بە قایمقامیەتی شنگالدا دەنێن و رێگرن لە ئاوەدانكردنەوەی قەزاکە، گوتیشی:" پەكەكە لە نێو بینای دامو دەزگاكانی شنگالدان، بۆ نموونە ناهێڵن بەرێوەبەری خویندنگەکە بچێتە خوێندنگەکەی و داگیریان كردووە".
وەیس نایف باسی مەترسیی بوونی پەكەكەی كرد و گوتی:" دابونەریتی خەڵكی شنگال قبوڵ ناكات یەكێك كچەكەی ببات و نەهێڵێت شەش مانگ بیبینێت، ئازاری ئێمە لەدەست داعش چی بوو؟ ئازارمان ئەوە نەبوو كە خانوومان رووخاوە یان كوڕەكانمان كوژراون، بەڵكو ئازارمان ئەوەبوو كە دەستدرێژیی کراوەتە سەر كچ و دایكەكانمان، ئێستاش ئەگەر پەكەكە كچەكانمان بباتە قەندیل گەورەترین كێشەیە، تاوەكو ئێستا پەكەكە 45 ژن و كچی ئێزدی رفاندووە و دەیانباتەقەندیل، وەك خۆیان پەروەردەیان دەكەن، و كەسوكاریان بێئومێد دەبن لە بینینیان، هەروەها تاوەكو ئێستا 550 لە دانیشتوانی شنگال پەیوەندییان بە پەكەكەوە كردووە".
سەبارەت بە پێشنیازەکەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی بۆ درووستكردنی شنگالێكی نوێ، نایف گوتی:" من وەك هاووڵاتییەک وەڵام دەدەمەوە، قسەی جەنابی سەرۆك زۆر روون بوو، پێشنیاریكردووە شنگالێكی نوێ درووستبکرێت و خەڵكی شنگال بڕيار لەبارەیەوە بدات. بە حوكمی پەیوەندییمان لەگەڵ خەڵكی ئێزدییدا، ئەگەر راپرسییەك ئەنجام بدەیت، 2%ی خەڵک ناڵێن شنگالێكی نوێمان دەوێ، بەداوەخەوە هەندێ لایەنی ئێزدی بە هەڵە لە قسەکەی سەرۆك تێگەیشوون كە بڕیاری داوە شنگالی نوێ درووستبكرێت، بڕیاری نەداوە بەڵكو پێشنیاریكردووە".
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و كاریگەرییەكانی لەسەر ئاسایشی قەزای شنگال، وەیس نایف گوتی: "چەند داعش دووربكەوێتەوە مەترسیی لە سەرناوچەكانمان كەمتر دەبێتەوە و هەرچەندە ئێستا هیچ مەترسییەك بوونی نییە لەبەرئەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكانماندان".
سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای شنگال وەیس نایف باسی لەوەشكرد ئەوان دەیانەوێت بە فەرمی بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان و سەر بە حكوومەتی عێراق نەمێنن و گوتی:" ئەو لایەنانەی نایانەوێت شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، وەک ئەوە وایە كە فەرمانێكی تر بە سەر خەڵكی شنگالدا بسەپێنن".