1 23
29 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2016
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەلا بەختیار لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا گوتی: "یەكێك لەو پایتەختانەی كە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێویست بوو بۆی بڕۆین بەغدا بوو، ئێمە هەمیشە گوتومانە بڕیاری سیاسی سەربەخۆیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان هۆكارێكی زۆر گرنگە، ریفراندۆم مافی بێ ئەملاو ئەولای نەتەوەی كوردە، هەروەها چارەسەری كێشەی سیاسی و ئابووری و دەستوریش لەم هەلومەرجەدا تائێستا شا رێگەكەی بەغدایە و چارەسەری كێشەكانمان لەبەغدایە، بۆیە هەمیشە یەكێتی ئەو تایبەتمەندێتییەی خۆی پاراستووە كە لە بەغداوە دەتوانین كێشەكانمان چارەسەر بكەین".
وەك بەرپرسەكەی یەكێتی گوتی، ئەوە دووەم جارە لە ماوەی پێنج مانگی رابردودا وەك یەكێتی سەردانی بەغدا دەكەن و سەردانی ئەمجارەشیان هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و لە كۆی سەردان و كۆبونەوەكانیشیاندا باسیان لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم كردووە.
مەلا بەختیار گوتیشی: "نیگەرانیمان هەیە بەرامبەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و دواخستنی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەرنەكردنی كێشەی ئابووری و غاز، هەروەها سەرەئەنجام دەستەبەركردنی مافی سیاسی لەهەر ئەگەرێك و مەگەرێك كە لەناوچەكەدا روودەدات ئێمە جەختمان لێكردووەتەوە و داواشمان كردووە لە حكوومەتی عێراق و سەرۆكی حزبەكان و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی لیستەكان كە هیچ حزبێكی عێراق نەبێتە گفتوگۆی پشت پەردەی هەندێك دەوڵەتی گەورەی دنیا و ئیقلیمی و بەشێك لە ئیحتیمالی رێكەوتنی نێودەوڵەتی لەسەر حسابی چارەنووسی كورد".
مەلا بەختیار رایگەیاند، وەك یەكێتی لە بەغدا و هەرێمی كوردستان بەشێك دەبن لە هاوسەنگی و چارەسەری كێشەكان، هەر بەرپرسیارێتییەكیش كێشە چەقبەستووەكانی ئێستای كوردستان چارەسەر بكات دەچنە ژێربارییەوە قورس بێت یان قورس نەبێت.
ئەو لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا رایگەیاند، لە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەدا هەندێك گرفت هەبووە و ئێستا سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانەن.
مەلا بەختیار ئەوەشی گوت: " 28 وەزیری دەرەوەی ئەورووپا بیرخەرەوەیەكیان هێنا بۆ ئێمە و حزبەكانی تر و تێیدا جەخت دەكەنەوە لەوەی ئەوان ئێستا لەم هەلومەرجە لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان و بەسێ زمان هەڵوێستی یەكێتی ئەورووپایان گەیاندە ئێمە، لە بەغداش رامانگەیاند ریفراندۆم مافێكی بێ ئەملاو ئەولای كوردە و هەر ئەنجامی دەدەین و عەبادیش وەڵامێكی ئیجابی هەبوو بەوەی ئەوە مافێكی خۆتانە و دەتوانن بێنە بەغدا قسەی خۆتان بكەن نەوەك لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە هەڕەشە بكەن".
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەی وەڵامی بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ هەرێم گوتی: "ئەوان ئامادەن بابەتەكانی بوودجە و نەوت و غاز پێكەوە گفتوگۆی لەسەر بكەن و چارەسەری بكەن، داواشمان لە عەبادی كرد لەسەرەتای دەست پێكردنی پڕۆسەی خوێندن مووچەی مانگێكی تەواوی مامۆستایانی كوردستان بدات تاوەكو حكوومەتی هەرێم بتوانێت ئەو مووچەیەی دەیداتە مامۆستایان بیداتە مووچەخۆرانی تر، لەوەڵامدا عەبادی رایگەیاند دیراسەی داواكە دەكات و وەڵاممان دەداتەوە".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، بەپێی ئەو راپۆرتانەی لەبەردەستیانە پێیان دەڵێت دۆخی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم و نرخی دراو بەوشێوەیە بێت باشترین رێگا چارە ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بكەونەوە گفتوگۆ و كێشەكانیان چارەسەر بكەن.
مەلا بەختیار باسی لەوەیش كرد، لەم رۆژانەدا وەك مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبنەوە و بڕیار لەوە دەدەن چ ئەجێندایەكیان دەبێت بۆ كۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ پارتی و بە بەرچاو رونییەوە دەچنە ئەو كۆبونەوەیە.
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەلا بەختیار لە بارەی مووسڵیشەوە گوتی: "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان باسمان لە پڕۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ و چۆنیەتی رزگاركردنەوەی لە رووی سەربازیی و كۆمەڵایەتی و ئەمنی و ئیدارییەوە كرد و پێمان وایە بابەتی مووسڵ و دوای رزگاركردنەوەی مووسڵ بابەتێكی زۆر زۆر هەستیارە و پێویستە بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت لەپێناو دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی گونجاودا".