ئەمریکا و وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دژ بە داعش لە سووریا ئەنجام دا
Damascus
دیمەشق - AA
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و هێزە ئەمنییەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا کە لە ڕۆژانی ٢٤-٢٧ی تشرینی دووەم لە باشووری سووریا ئەنجامدرا، زیاتر لە ١٥ کۆگای چەکی داعشیان دۆزییەوە و لەناویان بردن.
لەو بارەیەوە، فەرماندەییەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە کرد ئۆپەراسیۆنەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئەنجام دراون و، هەنگاوێکی گرنگ نراوە دژی هەوڵەکانی داعش بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی لە ناوچەکەدا.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیراوە بەسەر گوللە هاوەن، مووشەکی جۆراوجۆر، چەکی جیاواز، مینی دژە تانک و جۆرەها کەرەستە کە لە دروستکردنی بۆمبدا بەکاردێن و، لەناوبراون.
فەرماندەی سێنتکۆم، براد کوپەر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان ئامانجیان ڕێگریی کردنە لە بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچەکە و، گوتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە توانای هێرشکردنی ڕێکخراوەکەی زیاتر لاواز کرد. ڕێگە نادەین داعش بگاتە ئاستێک هەڕەشە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکات".
