Abdullah Söylemez
14 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2023
ئەرزەڕۆم - AA
سەرماوسۆڵە لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، قەرس، ئەردەخان، ئاگری و دێرسم کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییان.
پلەکانی گەرما لە شەودا لە ئەرزەڕۆم ١١ پلەی ژێر سفری سەدی بوون و بەهۆی سەرماسۆڵەوە دەستشۆرگەی ژمارەیەک لە مزگەوتەکان بەستی و شەختە لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەکان و ژمارەیەک لە شەقام و شۆستەکان دروست بوو.
- ئەردەخان
لە پارێزگای ئەردەخان بەهەمان شێوە سەرماوسۆڵە کاریگەریی نەرێنی کردە سەر ژیانی هاووڵاتییان.
پلەکانی گەرما لە شەودا لە ئەردەخان ٢٠ پلەی ژێر سفری سەدی بوون، بەم هۆیەشەوە توێژی بەستوو لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەکان و پەنجەرەی خانوو و شوێنکارەکان دروست بوو.
- ئاگری
لە پارێزگای ئاگری کاریگەرییەکانی سەرماوسۆڵە بەردەوامە.
پلەکانی گەرما لە شەودا بە ٢٠ پلەی ژێر سفری سەدی پێوانە کرا، توێژی بەستوو لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەکان و پەنجەرەی خانوو و شوێنکارەکان دروست بوو و رووباری موڕاد و چەمەکان بە شەختە داپۆشران.
- قەرس
لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە شارەکە بە ١٤،٣ پلەی ژێر سفری سەدی پیوانە کرا، بەشێکی زۆری گۆڵاوەکان بە سەهۆڵ داپۆشران.
بەهۆی بەستنی بەشێکی گەورە لە چەمی قەرس، باڵندە کێوییەکان ناچار بوون کۆچ بکەن.
قەزای ئاکیاکا کە تێیدا کەشوهەوای سارد کاریگەر بوو، بە بەفر سپیپۆش بوو.
هەروەها لە قەزای ساریکامیش کەشوهەوای سارد و تەمومژ کاریگەری نەرێنی کردە سەر ژیانی هاووڵاتییان.
پلەکانی گەرما لە شەودا بە ١٧ پلەی ژێر سفری سەدی پێوانە کرا و سەرلەبەیانی بەهۆی کاریگەریی تەمەوە مەودای بینین بۆ ٣٠ مەتر کەمبووەوە.
رووەکەکانی دارستانەکانی ساریچام بە زوقم داپۆشران و سیخەسۆڵەیش لە سوێبانی خانووەکان دروست بوو.
یەکێک لە شۆفێرەکان بەناوی حاجی یڵدز بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بەهۆی نەبارینی بەفرەوە کاریگەریی سەرما زیادی کردووە، گوتی : "پلەکانی گەرما تا ١٨ پلەی ژێر سفری سەدی دادەبەزێت، شەوانە بەزەحمەت ئۆتۆمبێلەکانمان بەکار دەخەین، هیوادارم بەم زووانە بەفر ببارێت".
- دێرسم
لە پارێزگای دێرسم رووەک و درەختەکان بە زوقم داپۆشران.
پلەکانی گەرما لە شەودا بە دوو پلەی ژێر سفری سەدی پێوانە کران و بەشێک لە چەمەکان بە شەختە داپۆشران.
تەمومژ چینە بەرزەکانی شارەکەی گرتەوە.