خۆرهەڵاتی ئانادۆڵو.. بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما سەرڕووی ئاوی دەریاچەکان بەستوویەتی
بە هۆی ئەو سەرما سەختەی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ئانادۆڵوی گرتووەتەوە، سەرڕووی دەریاچەی کازان لە مووش، دەریاچەی ئارین لە بەدلیس و تاڤگەی مورادیە لە وان بەستوویەتی و، کەڵەکەبوونی بەفر لەسەریان دیمەنێکی جوان و قەشەنگیی دروست کردووە.
Bitlis
وان - AA
دەریاچەی ئارین لە بناری سوبهان لە شارۆچکەی ئادیلجەواز لە بەدلیس کە سێهەم بەرزترین چیایە لە تورکیا، بەستنی سەرڕووی ئاوەکەی دیمەنێکی ناوازەی بە ناوچەکە بەخشیوە.
دەریاچەکە کە یەکێکە لە ناوچە ئاوییە گرنگەکانی تورکیا و ژمارەیەکی زۆر جۆرەکانی باڵندەی لەخۆ گرتووە، بووەتە شوێنی خلیسکێنەی منداڵان.
دەریاچەی کازان لە شارۆچکەی بوڵانک لە مووش، لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ خوار سفری سەدی، سەرڕووی ئاوەکەی بەستوویەتی و، بووەتە شوێنی سەردانی سروشت دۆستان.
بە هۆی تەواو بەستنی سەرڕووی دەریاچەکە، خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن و هەم کاتێکی خۆش لەگەڵ سروشتە جوانەکەی بەسەر دەبەن، هەمیش لە پاڵ دیمەنە بێ هاوتاکەیدا وێنە دەگرن.
دوای بارینی بەفر لە پارێزگای وان، سەرمایەکی کاریگەر ناوچەکەی گرتەوە و بەشێکی زۆری تاڤگەی مورادیە کە بەرزیەکی نزیکەی ١٥ مەترە بەستوویەتی.
تاڤگەکە کە یەکێکە لەو ناوچانەی کە هەموو وەرزەکانی ساڵ سەردانکەرێکی زۆری بیانیی و ناوخۆیی هەیە، بە هۆی بەستنیەوە میوانداری ژمارەیەکی زۆر لە سروشت دۆستان دەکات.