توركيا, سياسەت, شیکردنەوە, عێراق

چاوەکان لەسەر سەردانە مێژووییەکەی سەرکۆمار ئەردۆغانە بۆ عێراق

لەم ساڵانەی دواییدا، لەسەر ئاستی باڵا سەردانی بەرپرسانی ھەردوو وڵات و گفتوگۆکان، ئاماژە بوون بۆ خواستێکی زۆر بە مەبەستی بەرزکردنی ئاستی پەیوەندییەکان، لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وزە، تەندروستی، کشتوکاڵ، گەیاندن.

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 21.04.2024 - نوێکردنەوە : 22.04.2024
چاوەکان لەسەر سەردانە مێژووییەکەی سەرکۆمار ئەردۆغانە بۆ عێراق

Arbil

ھەولێر - AA

بڕیارە بە سەردانێکی یەک ڕۆژە، سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی دووشەمە ٢٢ی نیسان، بگاتە عێراق و دوای تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، سەردانی ھەرێمی کوردستانیش بکات.

لەم ساڵانەی دواییدا، لەسەر ئاستی باڵا سەردانی بەرپرسانی دوو وڵات، ئاماژە بوون بۆ خواستێکی زۆر بۆ بەرزکردنی ئاستی پەیوەندییەکان، لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە.

لە یەک ساڵی ڕابردوودا، سەردانی ھەریەک لە وەزیری دەرەوە ، ھاکان فیدان و وەزیری بەرگریی، یاشار گولەر و وەزیری بازرگانی، عومەر بۆلات و وەزیری گەیاندن و ژێرخان، عەبدولقادر ئوڕاڵئوغڵو و سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانی (MIT) ، ئیبراھیم کاڵن بۆ عێراق و لە بەرامبەردا سەردانی ھەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت، موحسین مەندەلاوی بۆ تورکیا، گەواھیدەری ئەوەن کە نیازی ھەردوو وڵات بۆ بەرزکردنی ئاستی پەیوەندییەکان لە لووتکەدایە.

ــ پەیوەندییەکان لە ڕووی سیاسییەوە

٢١ی ئادار، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لەلایەن سەرکۆماری تورکیام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازی لێکرا.

سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای جەختکردنەوە لەسەر خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان، پەیامەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بۆ محەمەد شیاع سوودانی دووپات کردەوە و گوتی، "چاوەڕوانی ئێمە لە برایانمان ئەوەیە کە پەکەکە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بناسێنن و ئەو خاکی خۆیان لەو ڕێکخراوە خوێنڕێژە پاک بکەنەوە".

لە بەرامبەریشدا، سەرۆکوەزیرانی سوودانی پەیامی پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ڕاگەیاند و داوای کرد کە بونیادنانەوەی عێراقدا، سەرمایەداران و خاوەنکارانی تورک زیاتر رۆڵیان ھەبێت.

ڕۆژی ٢٢ تا ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣، وەزیر دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان بۆ یەکەمجار لەم پۆستەدا، سەردانێکی فەرمی بۆ بەغدا و ھەولێر ئەنجام دا. سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی تورکیا، لە بەغدا لەلایەن سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید پێشوازی لێکرا و دواتر لەگەڵ ھەریەکە لە سەرۆکوزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی و ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسی عێراق وەک نوری مالیکی، خەمیس خەنجەر، ھادی عامری، عەممار حەکیم و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فاڵح فەیاز کۆبوویەوە.

ھاکان فیدان دواتر سەردانی ھەولێری کرد و جگە لە دیداری لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی، سەڵاحەدیدن محەمەد بەھائەدین کۆبوویەوە، کۆتایی وێستگەی سەردانەکەی ھاکان فیدان بۆ ھەولێر بەسەرکردنەوەی ئۆفیسی بەرەی تورکمانی و کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتییەکانی تورکمانی ھەولێر بوو.

لەسەر ڕێڕەوی ئەو پەیوەندییانە، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، فوئاد حوسێن و وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەم، سەردانی ئەنقەرەیان کرد و لەگەڵ ھاوتاکانیان کۆبوونەوە.

دوای ئەوەش، ڕۆژی ١ بۆ ٣ی ئادار، فوئاد حوسێن مەبەەستی بەشداری کردن لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئانتاڵیا، سەردانی تورکیای کرد و لە میانیدا لەگەڵ ھاوتا تورکییەکەی ھاکان فیدان کۆبوویەوە.

لەسەر ئاستی سیاسی، ھەروەھا ڕۆژی ١٧ی نیسان، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نوعمان کورتوڵموش پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت، موحسن مەندەلاوی کرد و کە ھەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردەوە.

ــ پەرەپێدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکان زۆرترین خواستی لەسەرە

ڕۆژی ٢١ی ئابی ٢٠٢٣ وەزیری نەوتی عێراقو حەیان عەبدولغەنی بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرە و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی تورکیا بۆ بازاڕەکانی جیھان لەگەڵ لایەنی تورکیا تاوتوێ کرد.

بۆ عێراق، نەوت وەک شادەماری ئابووری ئەو وڵاتە ھەژمار دەکرێت و ڕاگرتنی ١٣ مانگ ھەناردەکردنی نەوتی عێراق بە ڕێگەی بەندەی جیھانەوە، زیانێکی زیاتر لە ١٣ ملیار دۆلاری بە عێراق گەیاندووە.

ھەر دوو لایەنی عێراق و تورکیا تەنھا لەسەر نەوت لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ ناکەن، بەڵکو، پڕۆژەیەکی ستراتیجی بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەویش پڕۆژەی “ڕێگەی گەشەپێدان”ە کە بە درێژایی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بەندەری فاو لە کەنداوی بەسرە و وڵاتانی کەنداو بە گشتی، بە ڕێگەی عێراق و تورکیا بە ئەورووپا دەبەستێتەوە.

بۆ داڕشتنی پلانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆلات ڕۆژی ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣ سەردانی بەغدای کرد و دوای دیدارەکانی لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەحمەد شیاح سوودانی، لەگەڵ ھەریەکە لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان محەمەد عەلی تەمیم و وەزیری بازرگانی، ئەسیر داود غرێری و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەنگین ڕێکانی، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ڕەزاق محێبس سەعداوی کۆبوویەوە.

لە کۆی دیدارەکاندا، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان وەک بنەمایەک بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ئابووری نێوان دوو وڵات جەختی لێ کرایەوە.

جولەیەکی دیکە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی ئابووری نێوان دوو وڵات لە لایەن وەزیری گەیاندن و ژێرخان تورکیا، عەبدولقادر ئوڕاڵئوغڵو بوو.
عەبدولقادر ئوڕاڵئوغڵو ڕۆژی ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٣ سەردانی عێراقی کرد و وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق، ڕەزاق سەعداوی باس کرد.

لەبەرامبەریشدا، ڕۆژی ٢ی شوباتی ئەمساڵ، ڕەزاق سەعداوی سەردانی ئەنقەرەی کرد و جارێکی دیکە لەگەڵ ھاوتا تورکییەکەی عەبدولقادر ئوڕاڵئوغڵو کۆبوویەوە.

ڕۆژی ١٢ی نیسان، وەزیری گەیاندن و ژێرخان تورکیا، عەبدولقادر ئوڕاڵئوغڵو جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی ستراتیجی بەردەوامن و لەسەر دروستکردنی لێژنەیەک بۆ باشتر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ڕێککەوتن کراوە.

ــ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، خواستی تورکیایە بۆ ھاوبەشیکردن لەگەڵ عێراق

بەرەنگاربوونەوەی دۆسیەی تیرۆر بۆ تورکیا یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکانی ئەو وڵاتەیە کە دەیەوێت عێراقیش لەگەڵی ھاوبەش بێت. سەردانی ھەریەکە لە وەزیری دەرەوە، ھاکان فیدان لە ئابی ٢٠٢٣ و دواتر سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی تورکیا لە کانوونی دووھەمی ئەمساڵدا، بۆ ھەماھەنگی زیاتر بووە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی، بۆ ئەوەی نەھجێکی ھاوبەش بدۆزرێتەوە کە بوونی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە عێراق بناسرێت و بە ھەڕەشەیەک بۆ سەر ھەردوو وڵات پێناسە بکرێت.

لەپاڵ ئەو سەردانانەدا، وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر ڕۆژی ٦ی شوبات سەردانی عێراقی کرد و دوای دیدارەکانی لەگەڵ بەغدا لەگەڵ سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، سەردانی ھەولێری کرد و لە لایەن سەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێکرا.

گولەر هەروەها لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی مەسرور بازرانی و جێگرەکەی، قوباد تاڵەبانی، وەزیری ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد کۆبوویەوە.

یاشار گولەر لە ھەوڵێر ھەروەھا چاوی کەوت بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەردانی بارەگای بەرەی تورکمانیشی کرد.

لەسەر ھەمان پرس و لە پێشھاتێکی جیاوازدا، شاندێکی پایەبەرزی تورکیا کە پێکھاتبوو لە وەزیری دەرەوە، ھاکان فیدان، وەزیری بەرگریی، یاشار گولەر، سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی تورکیا، ئیبراھیم کاڵن و ھەروەھا جێگری وەزیری ناوخۆ، مونیر کاڕاڵ ئوغلو، ڕۆژی ١٤ی ئادار سەردانی بەغدایان کرد.

سەردانی ئەو شاندە پایەبەرزەی تورکیا، بە دەرکردنی بەیانێکی ھاوبەش بۆ ڕای گشتی کۆتایی ھات. لە بەیاننامەەکەدا ھاتبوو: "میکانیزمی ئەمنی ھاوبەش لە نێوان تورکیا و عێراق، بە تایبەتی لەپرسی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە گفتوگۆی لەسەر کرا".

ھەروەھا لە بەیاننامەکەدا، جگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پەرەپێدان بە پرسەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ، وزە، ئاو و تەندروستی و گەیاندن باسی لێکرا و بڕیار درا کە لێژنە ھاوبەشەکانی نێوان دوو وڵات لەسەر ئەم پرسانە پێک بێت.

پەیامی تورکیا و عێراق لەو بەیاننامەیەدا، ھەروەھا جەختکردنەوە بوو لەسەر یەکگرتوویی گوتاری سیاسی، ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و جەختیش لەوە کرایەوە کە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە وەک ھەڕەشەیەک لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بناسرێت. ئاماژە بەوەشدراوە کە پەکەکە وە ڕێکخراوێکی نایاسایی بناسرێت و بوونی لە عێراق بە پێچەوانەی دەستووری ئەو وڵئتە دەبێت.

لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لە ئەنجامی گفتوگۆکانی بەرپرسانی تورکیا و عێراق، ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە وەک “ھەڕەشەی ھاوبەش” لە نێوان دوو وڵات پێناسە کرا و دوای ئەوەش بۆ بۆ یەکەمجارە چەمکی “ڕێکخراوی نایاسایی” بۆ بەکار دەھێندرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın