سياسەت, شیکردنەوە, عێراق

شڕۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە موقتەدا سەدر لە دەرگای شیعەگەرییەوە دەگەڕێتەوە ناو کایەی سیاسی عێراق

بەڕێوەبەری ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، عادل باخەوان: "ئێران ڤیتۆی خۆی لەسەر موقتەدا سەدر ھەڵگرتووە، ئێستا موقتەدا سەدر دەیەوێت لە دەرگای شیعەگەرییەوە بگەڕێتەوە ناو کایەی سیاسی عێراق".

Zana Natık Kerem  | 29.04.2024 - نوێکردنەوە : 02.05.2024
شڕۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە موقتەدا سەدر لە دەرگای شیعەگەرییەوە دەگەڕێتەوە ناو کایەی سیاسی عێراق

Arbil

ھەولێر ــ AA

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، عادل باخەوان ڕایگەیاند کە دوای ئەوەی ئێران ڤیتۆی خۆی لەسەر موقتەدا سەدر ھەڵگرتووە، ئێستا موقتەدا سەدر دەیەوێت لە دەرگای شیعەگەرییەوە، بگەڕێتەوە ناو کایەی سیاسی عێراق و لای خۆیەوە شڕۆڤەکاری سیاسی، ئەسیر شەرع پێی وایە کە ئەمجارە موقتەدا سەدر، بێ پێکھێنانی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھەندێک لە لایەنە شیعەکان، دەگەڕێتەوە ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق.

ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە، سەرکردەی ڕەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ناوی ڕەوتی سەدری گۆڕی بۆ "ڕەوتی نیشتمانیی شیعە".

شڕۆڤەکارانی سیاسی، ئەو ھەنگاوەی موقتەدا سەدر وەک ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراق، لەقەڵەم دەدەن.

موقتەدا سەدر کە لە ھەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠٢١دا، زۆرترین ژمارەی کورسی (٧٣ کورسی) بەدەستھێنا، بەڵام بەھۆی ناڕەزایەتی لە سیستەمی سیاسی لە عێراق لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢دا کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی ڕاگەیاند.

موقتەدا سەدر لە دوایین ھەڵوێستیدا بڕیاری دا، بەشداری ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق نەکات کە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوە چوو و داوای لە لایەنگرانی کرد بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەن.

- " ئێران ڤیتۆی خۆی لەسەر موقتەدا سەدر ھەڵگرتووە"

بەڕێوەبەری ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، عادل باخەوان لەبارەی ڕاگەیاندنی "ڕەوتی نیشتمانی شیعە"، لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، وای بۆ دەچێت کە ئێران ڤیتۆی خۆی لەسەر موقتەدا سەدر ھەڵگرتووە.

عادل باخەوان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، گوتی: "موقتەدا سەدر لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە کایەی سیاسی کشایەوە، چونکە ڕاستەوخۆ، لەلایەن ئێرانەوە ھەڕەشەی کوشتنی لێ کرابوو، ئەگەر بە جۆڕیک لە جۆرەکان گرفتەکە چارەسەر نەکات، ئەوەش بۆ ئەوەی گرفتەکە بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ و کاتی چارەسەر بکات و خۆی بپارێزێت، لە کایەی سیاسی کشایەوە".

عادل باخەوان پێی وایە، موقتەدا سەدر دەیەوێت لە دەرگای شیعەگەرییەوە بێتەوە ناو کایەی سیاسی عێراق و ڕاشیگەیاند، موقتەدا سەدر ھەوڵدەدات ھەموو کۆمەڵگای شیعە قەناعەت پێ بکات کە ھەموو دروستییەکان لە ڕووح و بەرژەوەندییەکان و خەونی تەشەیوع دایە و خۆشی وەک ھێزی یەکەمی گوزارشتکردن لە تەشەیوع بێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق، دوای ئەوەی کە زۆرترین دەنگەکانی کۆمەڵگای شیعە بەدەستبھێنێت، ئەو کاتە لەگەڵ سوننە و کورد، دەست بە گفتوگۆ دەکات بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەمجارە موقتەدا سەدر داوای گەڕانەوەی بۆ نێو کایەی سیاسی، چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات، ڕوونی کردەوە، ئەمجارە موقتەدا سەدر چاوی لەوەیە نەک ٧٣ کورسی، بەڵکو زۆرترین کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبھێنێت، ھەروەھا دەیەوێت ھەموو ڕکابەرەکانی لەناو کایەی سیاسی دوور بخاتەوە، بۆ ئەوەی ڕکابەرەکانی نەتوانن جارێکی دیکە (سێیەکی پەکخەر)ی بۆ دروست بکەن و دواتر وەکو ھێزی یەکەمی شیعە دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ براوەی کورد و براوەی سوننە، بۆ ئەوەی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێنێت.

عادل باخەوان لەبارەی پاڵپشتی و ھەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەو ھەنگاوەی موقتەدا سەدر، ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتانی عەرەبی بەشێوەیەکی گشتی، بەتایبەتی سعوودیە کە نوێنەرایەتی وڵاتانی کەنداو دەکات، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ موقتەدا سەدر دا ھەیە و، لە ھەمانکاتدا سعوودیە و ئێران ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنێکی مێژووییان لەنێوان خۆیاندا واژوو کردووە و پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردووەتەوە و گوتی: "بوونی کەسایەتییەکی (مەرجەعی سیاسی) وەک موقتەدا سەدر لەناو کایەی سیاسی عێراق کە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سعوودیە ھەیە، یارمەتی ئێران دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت باشتر پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە ئاسایی بکاتەوە".

ھەروەھا بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە بەردەوام گریمانە و سیناریۆی سەقامگیری لە عێراق ئاڵۆزە و ھۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ٨٠ ڕێکخراوی میلیشایی لە عێراق بوونیان ھەیە کە خاوەن ١٤٠ ھەزار ئەندامن و ساڵانە سێ ملیار دۆلار لە دەوڵەت وەردەگرن و گوتی: "ئەگەر موقتەدا سەدر بگەڕێتەوە و لەسەر گوتارەکەی پێشووی خۆی لەبارەی میلیشاییەکان لە عێراق بەردەوام بێت کە ناوی لێ نابوون (الملیشیات الوقحە) واتا میلیشیا پیسەکان، ھەموویان فڕێ بداتە دەرەوەی یارییەکە و ئابووری، چەک و تەقەمەنی و پەیوەندی نێودەوڵەتییان لێ ببڕێت، ئەوە دۆخی عێراق گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و بەرژەوەنییەکانی میلیشاکان دەکەونە مەترسییەوە ".

عادل باخەوان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ھیچ دۆخێکدا، ئەوان (میلیشیاکان) قبوڵی ناکەن موقتەدا سەدر بەم شێوە بەھێزە بگەڕێتەوە ناو کایەی سیاسی، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش پێی ڕازی بێت، چونکە میلیشاکان بەرژەوەندی و حیساباتی خۆیان ھەیە، ھەروەھا مەرج نییە ھەموو کات ڕاستەخۆ گوێ لە ئێران بگرن و گوتی: "میلیشیاکان، زۆر بە زەحمەت، گەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆ ناو کایەی سیاسی قبوڵ دەکەن".

- " موقتەدا سەدر بێ پێکھێنانی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھەندێک لە لایەنە شیعەکان، دەگەڕێتەوە ناو پڕۆسەی سیاسی"

شڕۆڤەکاری سیاسی، ئەسیر شەرع لەبارەی ڕاگەیاندنی "ڕەوتی نیشتمانی شیعی" لەلایەن موقتەدا سەدرەوە ڕاگەیاند کە ئەوە ڕەوتێکی نوێیە بۆ سەدرییەکان جیاواز دەبێت، بەو پێیەی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا ناکات وەک ئەوەی پێشتر لەگەڵ سوننە و کورد ئەنجامی دابوو.

ئەسیر شەرع لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمجارە موقتەدا سەدر بێ پێکھێنانی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھەندێک لە لایەنە شیعەکان، دەگەڕێتەوە ناو پڕۆسەی سیاسی، بەڵام لەبەرامبەریشدا، لایەنە شیعەکانی دیکەش خاوەن پێگەی جەماوەری خۆیانن و گوتی: "لەو باوەڕەدانیم ڕەوتە نوێیەکەی موقتەدا سەدر، بتوانێت تاکلایەنە دەستکەوت بەدەست بھێنێت، جگە لەوەش نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە ھەندێک وڵاتی ھەرێمی، ھەروەھا ئەمریکا و بەریتانیا پاڵپشتی لەو ڕەوتە نوێیە دەکەن، بەتایبەتیش لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە نەریتێکی سیاسیی بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە عێراق پەیڕەو دەکرێت.

ئەسیر شەرع نایشارێتەوە کە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، ھەندێک سوپرایز ڕوودەدەن، بەڵام ھەر وەک ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو کێ براو بێت، ناتوانێت حکوومەت بەتەنھا پێکبھێنێت، چونکە دەبێت ھەر بە تەوافوق حکوومەت پێکبھێندرێت.

جەختیشی لەوەکردەوە، "ڕەوتی نیشتمانی شیعە" کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە ڕاگەیاندراوە، لەگەڵ ھیچ لایەنێکدا ھاوپەیمانی ناکات، ھەروەھا ھەندێک بۆچوون ھەن لەوەی ئەمجارە ڕەوتە نوێیەکەی موقتەدا سەدر، زیاتر لە ١٠٠ کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست دەھێنێت".

ئەسیر شەرع ڕوونیشیکردەوە کە بەپێی ئەوەی شیکراوەتەوە، ناکرێت بڵێت "ڕەوتی نیشتمانی شیعە"، چونکە ئەوە پێچەوانەی دەستوورە و ڕایگەیاند، ڕەوتە نوێیەکەی موقتەدا سەدر یان دەبێت ناوی لێ بنرێت "ڕەوتی نیشتمانی" کە ھەموو پێکھاتەکان لەخۆبگرێت، یان "ڕەوتی شیعەیە" کە ئەوەش تەنھا شیعەکان لەخۆ بگرێت.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın