Rewa Mahmood Hasan
10 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2020
سلێمانی- AA
دوای ئەوەی کە ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی سەرما، هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە و بەو هۆیەشەوە پلەکانی گەرما بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هەردوو پەروەردەی گشتی هەولێر و سلێمانی بڕیار دەدەن کە سبەینێ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بکرێنە پشوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە سبەی ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی ١١ی شوباتی ٢٠٢٠ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لەسەرتاسەری پارێزگای ھەولێر بکرێنە پشوو.
بە هەمان شێوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاندراوێکی بڵاو کردۆتەوە و ئاماژە بەوە دراوە کە کە دوای راوێژکردن لەگەڵ پارێزگای سلێمانی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، لەسەر پێشبینی کەشوهەوا کە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، هاوکات بۆ پاراستنی خوێندکاران لەهەر حاڵەتێکی نەخوازراوە، بڕیار دراوە کە سبەینێ ١١ی شوباتی ٢٠٢٠ لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندن لە سنووری پەروەردەكانی سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین بکەنە پشوو.
لەبەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا داوا کراوە کە سەرجەم مامۆستایان بۆ وهرگرتنی چهكی موچه سبهینێ سهردانی دیوانی بهرێوهبهرایهتی پهروهردهكانیان بكهن.
پێشتر دەستەی گشتی كەشناسی عیراق پێشبینییەكانی بۆ دۆخی كەشوهەوا بڵاوکردبوویەوە و رایگەیاند، "شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی وڵات دەگرێتەوە و ئەمشەو بەفر دەبارێت و دەشڵێن “پلەكانی گەرما بۆ خوار سفری سەدی دادەبەزن".
دەستەی گشتی كەشناسی عێراق لە رڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئاسمانی ئەمڕۆی ناوچەكانی وڵات نیمچە هەور بوو، بەڵام لە شەودا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و شەپۆلی باران بارین و بەفر بارین بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و بەشی رۆژئاوای وڵات دەگرێتەوە.