Cemal Sargati
02 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2017
سلێمانى-AA
لە شارى سلێمانى چەندین چێشخانەى تایبەت بەسەروپێ بوونى هەیە و رۆژانە هاووڵاتییان بۆ خواردنى روو لەو چێشتخانانە دەکەن کە ئەو جۆرە خواردنە دەفرۆشن. لەم وەزەدا بەهۆى زۆرى خواست لەسەر خواردنى سەروپێ چێشتخانەکانی روویان لە زیادبوون کردووە و وەک خاوەن چێشتخانەکانیش دەڵێن لە زۆربەى شوێنەکانى ترەوە سەردانیان دەکەن بۆ خواردنى سەروپێ.
زانا جەمال ساڵح تەمەن 36 ساڵ کە خانەوادەکەیان لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە چێشتخانەى سەروپێیان هەیە و لە باوباپیرانیەوە ئەو پێشەیەیان بۆ ماوەتەوە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئێمە لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە چێشتخانەى سەروپێمان هەیە و تاکو ئێستا بەردەوامین".
ئەو گوتیشى: "خواردنى سەروپێ یەکێکە لەو خواردنانەى کە زیاتر لە وەرزى زستان و سەرما و سۆڵەدا گرنگى پێدەدرێت، وەک خۆشمان رۆژانە خەڵکانێکى زۆر سەردانمان دەکەن و خواستێکى زۆرى لەسەرە".
زانا جەمال ساڵح ئاماژەى بۆئەوەشکرد کە قەیرانى دارایى بەڕێژەیەک کاریگەرى کردوەتە سەریان بەوەى کە خەڵکى وەک جاران سەردانیان ناکەن.
زانا جەمال ساڵح کە ماوەى چەند ساڵێکە وەستای سەروپێیە گوتى: "خۆم سەروپێ دروست دەکەم و رۆژانە بڕێکى زۆر دروست دەکەم، نیوەڕۆیان چێشتخانەکەم دەکەمەوە، تاوەکو ئێوارە کراوە دەبێت، خەڵکانێکى زۆر سەردانمان دەکەن و وەخەڵکانێکیش بۆ ماڵەوە سەروپێ دەبەنەوە و لەماڵەوە بەخێزانى دەى خۆن".
ناوبراو گوتیشی: "لەم چەند رۆژەى رابردوو بەفرێکى زۆرى بارى و هاووڵاتییان لەسەر شاخى گۆیژەوە لەپاش بەسەربردنى کاتێکی خۆش دەهاتنەوە و سەروپێیان دەخوارد بۆ ئەوەى گەرمیان ببێتەوە".
لەبارەى نرخى سەروپێ لەم وەرزەدا وەستا زانا دەڵێت "بەهۆى ئەوەى کە لە ئێستادا کوشتارگە کەمە و ئاژەڵێکی کەم سەردەبڕدرێت، خەڵکانێکى زۆر داواى سەروپێ دەکەن ئەوا واى کردووە نرخى سەروپێ گرانبێت. لە ئێستاشدا نرخى سەروپێیەکى نەکوڵێنراوە بە 25 هەزار دینارى عێراقییە، بەڵام بەکوڵێنراوى یەک گیپە دەدەین بە 5 هەزار دینار و یەک گۆشتاوى سەورپێش بە 5 هەزار دینارە".
خاوەنى سەروپێخانەى جەمال ئەوەشى گوت "لە شارەکانى کەرکووک، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، دهۆک، کەلار و چەند ناوچەیەکى تر بۆ خواردنی سەروپێ سەردانمان دەکەن".
هاووڵاتییانیش رایدەگەینن لەم وەرزەدا خۆشترین خواردن خواردنى سەروپێیە و تاموچێژێکى تایبەتى خۆى هەیە.
رزوان حەسەن تەمەن 27 ساڵ لەبارەى خواردنى سەروپێ لە سەرماوسۆڵەى زستان گوتى: "خواردنى سەروپێ لە وەرزى زستان جیاوازترە لە خواردنەکانى دیکە، خۆم هەفتانە لەگەڵ هاوڕێیانمدا کۆدەبینەوە لەبەرەبەیانیەکى زوودا دەچین بۆ خواردنى سەروپێ لەگەڵ بەسەربردنى کاتێکى خۆش ژەمێکی خۆشى سەروپێ دەخۆین".
رزوان حەسەن گوتىشی: "وەک خۆم هەست دەکەم ئەو خواردنە زۆر تەندروستە و تاموچێژێکى تایبەت بەخۆى هەیە و شێوازى خوردنى سەروپێ تاڕادەیەک لەگەڵ خواردنەکانى تردا جیاوازە بەتایبەت گیپەکەى".