hejar hekim
03 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2017
سۆران
ئەمڕۆ ھەینی٣ شوباتی٢٠١٧، لەچیای کۆڕەک سەر بەقەزای ڕواندز، لە پارێزگای ھەولێر، بە بەشداری چەند یاریزان و تیپی جۆراوجۆر، گەورەترین فیستیڤاڵی سەر بەفر لە ھەرێمی کوردستان سازکرا.
فیستیڤاڵ لەلایەن دەستەی گشتی گەشتوگوزارى هةريَمى كوردستان، بە ھەماھەنگی کۆمەڵگای گەشتیاری کۆڕەک بەڕێوەچوو، کە تێیدا چەند جۆرێکی خلیسکانێ و فڕین لە ئاسمان و یاری ناو بەفر لە خۆگرتبوو.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بارزان محمد بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاند "ئامانج لە سازکردنی ئەم پێشبڕکێیە راکێشانی گەشتیارە بۆ ھەرێمی کوردستان، بێگومان ھەرێمی کوردستان بە تایبەت دەڤەری سۆران گونجاوترین ناوچەی گەشتیاری پارێزگای ھەولێر پێک دەھێنێ، ئەو شوێنە زۆر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی چەندین یاڕی جۆراوجۆری نێو بەفر بۆیە بەھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم و سەرپەرشتیارانی چیای کۆڕەک بڕیارمانداوە ئەمساڵیش ئەو ڤیستیڤاڵە لەو شوێنە ئەنجامبدرێت".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکرد "چەندین تیم و یاریزان لەناوە و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد و کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆ تا ٥ ئێوارە ئەم فیستیڤاڵە ئەنجام دراوە و لە ئێستادا تەواوی ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەم ڤیستیڤالە کرابوون".
نادر رووستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان بۆ ئانادۆڵۆ گوتی: "٦تیمی یاریزانی کوردستان بە ٨ چاڵاکی جۆراوجۆر لەو سەرکێشییەدا بەشدار بوون، کە ئەمانەبوون" تیمی خلیسکانێی پێنجوێن، تیمی خلیسکانێی ھەڵگورد، تیمی شاخەوانی کوردستان، تیمی فڕۆکەوانی بڕەماتۆر، تیمی فڕۆکەوانی بەرە گلایدەر، تیمی نەتەوە مللی ھونەرییەکانی ھەولێر، گرووپی گەشتیاری ئەورووپی شارەزا" .
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ھەروەھا گوتی: کۆتایی بڕگەکانی فیستیڤاڵ جۆراوجۆرن وەک، ھەڵپەڕکێ و یاریی ئاگرین".
رووستی ھەروەھا گوتی: لە ساڵانی داھاتوو ئەم جۆرە پێشبڕکێیانە بەردەوام دەبن و ھەوڵی زیاتر دەدەین کە یاریزانی سەرکێش لە ھەموو جیھانەوە بھێنینە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ناوبانگی کوردستان و دڵڕفێنی ئەم خاکە پیرۆزە زیاتر بە جیھان بناسێنین، بێگومان حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەتوانێ داھاتی باشتر لە کەرتی گەشتیاری بەدەست بھێنێ.