ھەولێر
مەلا عەبدوڵڵا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە ھەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵۆ شرۆڤەی رەوشی ئایینی لە کوردستان و پرسی تیرۆر و رۆیشتنی گەنجان بۆ سوریا بەمەبەستی "جیھادکردن" تاوتوێ دەکات.
مەلا عەبدوڵڵا سەعید سەرەتا لەبارەی رەوشی ئاینی کوردستان دەڵێ "رەوشی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیكەی عێراق نموونەیەکی سەرکەوتووە، لەوێ ھەست دەکەین ئازادیی ئاینی نییە، سانسۆر دەخرێتە سەر مزگەوتەکان و گوشار دەخرێتە سەر وتاربێژان و مامۆستایانی ئاینی، ھەندێکیشیان تیرۆرکراون. کەچی لە کوردستان مەسیحی و ئێزدی و کاکەیی و یارسان ئازادن. شیعە و فەیلییەکانیش بەخۆشی مەراسیمی خۆیان دەگێڕن.
بەگوتەی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی، یەکێتی زانایان زیاتر لە پێنج ھەزار ئەندامی ھەیە، ئەوکەسانەی دەبنە ئەندام دەبێ وتاربێژ بن و رێژەی ھەڵگرانی دیبلۆم و بەکالوریۆس و ماستەر و دکتۆرا لەنێویاندا گەیشتۆتە ٧٨%.
لە کوردستان چەند جۆرێک مامۆستای ئاینی ھەیە بەشێکیان فەرمانبەری وەزارەتی کاروباری ئایینین، کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٤٠٠ کەس دەبێ، ٢٠٠ مامۆستای ئایینی تریش دانەمەزراون، مامۆستای ئاینیش ھەیە لە زانکۆ و پەیمانگاکان وانە دەڵێنەوە.
ھەروەھا دەڵێ: سیستمی سیاسیی کوردستان، روویەکی ئیسلامی وەرنەگرتووە، وەک ئەوەی لایەنە ئیسلامییەکان لە بەرنامەیاندایە و بانگەشەیان بۆ کردووە، ھەرسێ ھێزە ئیسلامییەکە یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوەی ئیسلامی لە دوا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢١ی ئەیلول لەکۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمان ١٧ کورسیان بەدەستھێنا.
مەلا عەبدوڵڵا جەخت دەکاتەوە "زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسڵمانن، بەڵام بیرکردنەوەی ھاوڵاتییان بۆ حوکمڕانی پەیوەندی بەوەیە کێ خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش دەکا، پێیشمان وانییە ئەو حکومەتەی ئێستای کوردستان عەلمانی بێ، حکومەتێکە ھەڵقوڵاوی کۆمەڵگایە زۆربەی حیزبە عەلمانی و ئیسلامییەکانیش بەشدارن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی خەڵکی کوردستان زۆربەیان موسڵمانن کەچی ئیسلامییەکان کورسییەکانیان کەمە مەلا عەبدوڵا دەڵێ "خەڵکی کوردستان سۆزێکی ئاینی ھەیە ئەو خەڵکەش دەنگیان بە ئیسلامییەکان داوە، ئەندامی خۆیان نین، بەڵکو سۆزی ئایینی وایکردوە دەنگیان پێبدەن، ئەگینا خەڵک ئەوەندە بیر لە خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی دەکەنەوە، بیر لە ئایدۆلۆژی ناکەنەوە."
لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێ "خەڵکی کوردستان خەمی ناسنامەو پرسی نەتەوەییانە نەک ئایدۆلۆژیا، چونکە کاتێ حکومەتی عێراق ھەرێمی کوردستانی وێرانکرد لەسەر دینداری نەبوو لەسەر کورد و نەتەوە بوو. دەوڵەتانی سوریا و تورکیا و عێراق و ئێرانیش کە دەیانویست کورد واز لە ناسنامەی بێنێ، ئێستا بۆیان دەرکەوت ئەوان نەتەوەیان بەلاوە گرنگە."
لەبارەی پرسی تیرۆر لە کوردستان و ناوچەکە سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، دەڵێ ھەوڵێکی زۆر دراوە، لەڕێی تیرۆرەوە ھێرش بکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان. ئەمەش لەترسی ئەوەی ئەم قەوارەیە بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو بنێ، لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستور بەشێکە لە عێراق.
مەلا عەبدوڵا سەعید گوتیشی "شانازی بەوە دەکەین، کەمترین تاکی کورد دەستی لەکردەوەی تیرۆریستیدا ھەبووە، بوونی ئەو ئەمن و ئاسایشە لە کوردستان سەلماندنی ئەو راستیەیە کە ھاوڵاتیان پاڵپشتی دەزگاکانی ئاسایشیان کردوە، ئەگەر رۆڵی مامۆستایانی ئاینی و ھاوڵاتییانیش نەبوایە ئێستا ھەولێریش لەڕووی ئەمنیەوە لەگەڵ شارەکانی تری باشوری عێراق جیاوازی نەدەبوو."
یەکێک لەو پرسانەی لەئێستا رۆیشتنی گەنجانی ھەرێمی کوردستانە بۆ وڵاتی سوریا بەمەبەستی بەشداریکردن لە شەڕ دژ بەحکومەتی ئەو وڵاتە، تاھەنووکە ئاشکرا بووە چەند گەنجێکی دانیشتووی ھەڵەبجەش لەبەرەی گروپە ئیسلامییەکاندا لە سوریا کوژراون.
لەوبارەوە مەلا عەبدوڵا سەعید بۆ ئانادۆڵو گوتی "بارودۆخی سوریا تایبەتە من وەک کەسێکی ئایینی بۆم نییە و ناشتوانم قسە لەسەر بابەتێکی تر بکەم کە دووربم لە واقیعەکە، کەسێکی ئایینیش لە تورکیا یان سوریا ناتوانێ قسە لەسەر بارودۆخی کوردستان بکات، چونکە ئەویش دوورە لە واقیعەکە."
گوتیشی " بەداخەوە ژمارەیەک لەگەنجانی ئێمەش بەناوی جیھادەوە چوونەتە سوریا، بەڵام ناشکرێ بەبارودۆخی سوریا بڵێن جیھادە یان جیھادی تێدا دەکرێ یاخود بۆنی جیھادی لێ دێت، ئێستا رەوشی سوریا تێکەڵە، وایلێھاتووە کورد بەدەستی کورد بکوژرێ، عەرەب بەدەستی عەرەب بکوژرێ. وڵاتانی ھەرێمیش ھاتوونەتە ناو بارودۆخەکە.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینی جەختی کردەوە، رووخانی ژێرخانی ئابوری و کوژارنی ھەزاران ژن و منداڵ و تەقاندنەوە و تێکدانی وڵاتێک کەی بەجیھاد حیساب دەکرێ؟ بۆیە ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێ جیھاد نییە، بەڵکو فەوزایە.
لەکۆتایی گفتوگۆکەشیدا لەگەڵ ئانادۆڵو مەلا عەبدوڵا سەعید دەڵێ "پێویستە حکومەتی ھەرێم لێکۆڵینەوە بکات، بزانێ ئایا ئەوان بۆ جیھاد رۆیشتوون؟ یان ھۆکاری خێزانییە یاخود ھەر ھۆکارێکی تر، خۆ ئەگەر مەبەست لە ناعەدالەتیش بێ لە ھەموو دونیا ناعەدالەتی و بێکاری ھەیە، بەبڕوای من ئەو کەسانە زیاتر مەبەستی تایبەتیان ھەیە."