ئەنقەرە
پەرلەمانتاری شاری بینگۆلی سەر بە بەدەپە ئیدریس بالوکەن و چەندین پەرلەمانتاری دیکەی بەدەپە داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکەن، بۆ ئیدانەکردنی رق و کینە و جیاوازی لە تورکیا و بەرگرتن لە پەرەسەندنی کلتووری ئاژاوەگێڕی لەسەر کەیسی ئەحمەد كایا، دەست بە لێکۆڵینەوە بکا.
لە داواکارییەکەی پەرلەمانتارانی بەدەپە کە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە نووسراوە:
"ئەحمەد كایا سەرەڕای ئەوەی کە کەسایەتییەکی ھونەری بووە، ھاوکات لە بەرامبەر پرسە کۆمەڵایەتییەکانیشدا خاوەن ھەڵوێستێکی گرنگ و سەردەمییانە بووە، ساڵی ١٩٩٩ وەکو ھونەرمەندی ساڵ ھەڵبژێردراوە. کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەی گوتارێکی پێشکەشکرد و بە ھۆی ئەو گوتارەوە کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕ ھێرشیان کردە سەری بۆیە ئەحمەد كایا بە ناچاری چووە فەرەنسا و ساڵی ٢٠٠٠ کۆچی دوایی کرد . كەچیھێشتا کەسایەتی ھونەری و سیاسی ئەحمەد كایا لە نێو خەڵکدا ھەر زیندووە. ئاک پارتی دەیەوێ سوود لە کەسایەتی ئەحمەد كایا وەربگرێ و دەنگی خەڵک بۆ لای خۆی رابکێشێ، کەچی گوێ بۆ پەیامە دیموکراسیخوازەکانی ئەحمەد كایا شل ناکا."