Ekip
20 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2017
ھەولێر-AA
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و ھەموو کوردانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات و ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کرد.
دەقی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و ھەموو کوردانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات و ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان دەکەم. ھیوای ساڵێکی خۆش و پڕ لە بەرەکەت و بەختەوەری بۆ ھەموو لایەک دەخوازم.
مانگی ئازار مانگی سەرکەوتن و خۆشی و ئێش و نەھامەتییەکانی گەلی کوردستان بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئازار و نەورۆز بۆ گەلەکەمان ھێمای تێکشکاندنی زوڵم و دەرکەوتنی ڕووناکی و ژیانەوە دەدات و ئەوەیش بەو مانایە دێت کە قوربانیدان و خەبات ئەنجام و بەرھەمی دەبێت.
خۆڕاگری و قوربانیدانی بێ ھەژماری گەلی کوردستان لە قۆناغە سەختەکانی خەباتدا ھەر لە بەرگریکردن لە مان و ناسنامەییەوە بگرە ھەتا تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش دەبێ ئەنجامی ھەبێت و پێویستە ئەو خەبات و دەستکەوتانە یەک ھەنگاویش بەرەو پاشەوە نەڕوات و دەبێ گەلی کوردستان بگاتە سەروەریی خۆی و خاوەن بڕیار و چارەنووس و ژیانی خۆی بێت. ھەر ئەوەیشە باشترین وەڵام و باڵاترین وەفا بۆ خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی گەل.
ئەو قوربانییەی گەلی کوردستان داویەتی و ئەو فەرھەنگە بەرزەی لە پێکەوەژیان و لێبوردەییدا ھەیەتی و ئەو قارەمانێتییەی پێشمەرگە تۆماری کردووە، لەچاوی جیھانیاندا شاراوە نییە و ئێستا جیھان شانازی بە گەلی کوردستان و پێشمەرگە دەکات.
لەم بۆنەیەدا داوا لە خەڵکی سەربەرزی کوردستان دەکەم ئومێدیان بەھێز بێت چونکە بە دڵنیاییەوە خۆڕاگرییەکەیان بەرھەمی دەبێت. داوا دەکەم لە بەرانبەر ھەر ھەوڵ و دەنگێکدا خۆڕاگر بن کە بیەوێ بڕوابەخۆبوونیان لێ بستێنێتەوە و پاشکۆیی بچەسپێنێت. نەورۆز لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و ھەموو پێشمەرگە قارەمانەکان پیرۆز دەکەم.
هەر لە خۆشیدا بن.
مەسعود بارزانی
20ـی 3ـی 2017