Zana Natık Kerem
20 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2017
ئەندامی كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی، ئەیاد رافد رایگەیاند كە لەمیانی دوو رۆژی رابردوودا، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكان لە بەشی راستی مووسڵ لەگەڵ خراپ بوونی رەوشی كەشوهەوا و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، رەوشی ژیانی ئاوارەكانی شارەكە سەخت بووە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەیاد رافد گوتی: "تا دێت رەوشی مرۆیی لە بەشی راستی مووسڵ خراپتر دەبێت و ژمارەی هەڵاتووەكان لەو ناوچانەی لە بەشی راستی شارەكە کە شەڕ و پێكدادان دژی داعش تیایاندا روودەدەن، زیاد بووە و سەرباری ئەوەش بەهۆی خراپی كەشوهەواو باران بارین، رەوشی ژیانی ئاوارەكانی شارەكە زۆر خراپ بووە".
ئەیاد رافد گوتیشی: "لە ئێستادا پڕۆسەی گواستنەوەی ئاوارەكان لەو ناوچانەی شەڕ و پێكدادان تیایاندا روودەدەن بۆ كەمپەكان رووبەڕووی كێشە و گرفت بووەتەوە بەو پێیەی پڕۆسەكە ماوەی رۆژێک تا دوو رۆژ دەخایەنێت و نزیكترین كەمپی ئاوارەكانی بەشی راستی مووسڵ، كەمپی حەمام عەلیل لە باشووری شارەکە كە ماوەی هەفتەیەكە شوێنی نیشتەجێ بوونی تێدا نەماوە، بۆیە وا پێویست دەكات ئەو هاووڵاتییانەی تازە ئاوارە دەبن بگوازرێنەوە بۆ كەمپەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی شارەكە كە ئەوانەش تارادەیەک دوورن".
هاوكات وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، جاسم محەمەد لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە حكوومەتی فیدراڵ بڕیاری داوە ژوورێكی پڕۆسەكان سەربە شانەی بەڕێوەبردنی قەیرانی ئاوارەكانی مووسڵ لە ئەنجوومەنی وەزیران پێكبهێنێت بۆ ئەوەی پڕۆسەكانی گەیاندنی هاوكاری و یارمەتییەكان بۆ ئاوارەكانی مووسڵ بەڕێوە ببات.