Muhammet Ali Kemal
04 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2016
لەیەکەم یاری نیوەی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا، یانەی بەرشەلۆنە لە یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی ٧-٠ لە ڤالێنسیای بردەوە.
لەو یارییەدا كە موستافی لە ریزەكانی یانەی ڤالێنسیا بە كارتی سوور كرایە دەرەوە، حەوت گۆڵەكەی بەرشەلۆنە سێیانیان لەلایەن لیۆنێل مێسی و چواریان لەلایەن لویس سواریزەوە تۆمار كران.
یاریزانەكانی یانەی بەرشەلۆنە كە زۆر بە خێرایی تێكەڵی یارییەكە بوون، لە خولەكەكانی حەوت و ١٢دا لە رێگەی یاریزانی ئۆرۆگوایی سواریزەوە توانییان دوو گۆڵ تۆمار بكەن.
یانە كەتەلۆنییەكە كە كۆنترۆڵی تەواوی یاریگای كردبوو، یەك لەسەر یەك هێرشی دەبرد و لە خولەكی ٢٩ی یارییەكەدا ئەم جارە لە رێگەی مێسییەوە جیاوازی گۆڵەكانی بۆ سێ گۆڵ بەرز كردەوە.
بەرشەلۆنە توانی لە گێمی دووەمیشدا كۆنترۆڵی یارییەكە لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە.
لە خولەكی ٥٨دا لە رێگەی پاسێكی سوارێزەوە مێسی توانی گۆڵی چوارەم بۆ یانەكەی و گۆڵی دووەم بۆ خۆی لە یارییەكەدا تۆمار بكات و لەو ساتەوە ئیتر یاریزانەكانی ڤالێنسیا بەتەواوەتی لە كەشی یارییەكە دووركەوتنەوە.
مێسی لە خولەكی ٧٤دا گۆڵی پێنجەمی بۆ بەرشەلۆنە تۆمار كرد.
لویس سوارێز كە وەك باشترین یاریزانی یارییەكە دەستنیشان كرا، توانی لە خولەكەكانی ٨٣ و ٨٨دا دوو گۆڵی دیكە بۆ یانەكەی تۆماربكات و بەو شێوەیەش ئەنجامەكە بۆ ٧-٠ لە بەرژەوەندی یانەكە بەرزبكاتەوە.
یاری گەڕانەوەی نیوەی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا لەنێوان ڤالێنسیا و بەرشەلۆنەدا رۆژی ١٠ی شوبات لە یاریگای مستایا بەڕێوە دەچێت.
لەیارییەكەی دیكەی نیوەی كۆتاییدا بڕیارە ئەمشەو سڤیلیا و سێڵتا ڤیگۆ بەیەك بگەن.