Muhammet Ali Kemal
14 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2016
لەدوایین ١٦ یاری جامی شای ئیسپانیادا، بەرشەلۆنە دوای ئەوەی توانی لەیاری گەڕانەوەدا بە ئەنجامی ٢- سفر لە ئیسپانیۆل بباتەوە، گەیشتە یارییەكانی چارەكی كۆتایی جامەكە، ئەمە لەكاتێكدایە كە لە یاری چووندا بەرشەلۆنە ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندی خۆی بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك كۆتایی پێ هێنابوو.
گۆڵەكانی بەرشەلۆنە لە خولەكەكانی ٣١ و ٨٨ دا لەلایەن مونیرەوە تۆمار كران. گۆڵی یەكەم لەلایەن لیۆنێل میسییەوە ئاسیست كرا و گۆڵی دووەمیش لەلایەن ئالێكسیس ڤیداڵەوە.
راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لویس ئێنریكێ بڕیاری پشووپێدانی ژمارەیەكی زۆر لە یاریزانانی لە یاری گەڕانەوەی یانەكەیدا بەرامبەر بە ئیسپانیۆلدا، دوای ئەوەی لەیاری چووندا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك یارییەكەیان لە ئیسپانیۆل بردەوە. هەریەك لە نەیمار، بوسكێچ، پیكێ و ئینێستا لەریزی یاریزانە یەدەگەكاندا بوون و سوارێزیش بەهۆی وەرگرتنی كارتەوە نەیتوانی یاری بكات.
لەپاڵ بەرشەلۆنەدا یانەی میراندێسی خولی پلە دووی ئیسپانیا، گەیشتە یارییەكانی چارەكی كۆتایی جامی شای ئەو وڵاتە، دوای ئەوەی توانی یانەی دیپۆرتیڤۆ لە جامەكە بكاتە دەرەوە، یاری چوونی نێوان هەردوو یانەکە بە ئەنجامی گۆڵێك بۆ هەردوولا كۆتاییهات، لەكاتێكدا لە یاری گەڕانەوەدا میراندێس توانی بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە هیچ لەیانەی دیپۆرتیڤۆ بەرێتەوە.
هاوكات هەریەك لە یانەكانی سێڵتا، سیڤیلیا، ئاتلێتیك بلباو و لاس پاڵماس، بەبردنەوەیان لەیانەكانی كادیز، ریاڵ بیتس، ڤیاریاڵ و ئیبار، گەیشتنە چارەكی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا.
سبەی هەینی دوایین دوو یاری گەڕانەوەی ئەم گەڕە لەنێوان هەریەك لە گرینادا- ڤالێنسیا و ئەتلێتیكۆ مەدرید-رایۆ ڤایۆكانۆدا بەڕێوەدەچێت و بەو شێوەیەش هەر هەشت یانەكەی چارەكی كۆتایی جامەكە ئاشكرا دەبن.
یارییەكانی چارەكی كۆتایی لەو تیروپشكەدا كە بڕیارە رۆژی ١٥ی كانوونی دووەم ئەنجامبدرێت، ئاشكرا دەكرێن.