Sangar Hamad Azeez
01 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2015
ئەستێرەی پرتوگالی و یانەی ریال مەدرید کرستیانۆ رۆنالدۆ بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە یارییەکەی دوێنێ شەو ناوی چووە نێو مێژووی یانەکەی.
دوای ئەوەی یانەی ریال مەدرید دوێنێ شەو بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی ماڵمۆی سویدی بردەوە کە هەردوو گۆڵەکەش لەلایەن ئەستێری یانەکە کرستیانۆ رۆنالدۆوە تۆماکران، بەفەرمی ئەو یاریزانە بە تۆمارکردنی 67 گۆڵ لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بووە گۆڵکاری یانەکەی.
جێگەی باسە پێشتر یاریزان رائول گۆنزالێس لە 130 یاریدا توانی بووی 65 گۆلی تۆمار بکات و ببێتە گۆڵکاری یانەی ریال مەدرید بەڵام کرستیانۆ رۆنالدۆ تەنیا لە 65 یاریدا توانی ریکۆردی رائول گۆنزالێس بشکێنێت و بە تۆمارکردنی 67 گۆل پێشەنگی گۆڵکارانی ریال مەدرید لەو یاریزانە وەربگرێتەوە.
ئەوەی جێی سەرنج بوو رۆنالدۆ بە تۆمارکردنی ئەو دوو گۆلە تەنیا نەبووە گۆڵکاری یانەکەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بەڵکو بە تۆمارکردنی 323 گۆڵ توانی ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ رائول گۆنزالێس یەک بکاتەوە کە پێشتر بە تۆمارکردنی ئەو ژمارەیە وەک گۆڵکاری مێژووی یانەکەی دەستنیشان کرابوو.