Heman Hussein Yaseen
08 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2021
ههولێر - AA
دوای ھەڵبژاردنی بە پارێزگای نوێی ھەولێر، ئومێد خۆشناو گوتەیەکی پێشکەش کرد و دڵنیاییدا بە ھاووڵاتییان کە بە گوڕوتینێکی بەھێزەوە کار بۆ خزمەتکردنی شاری ھەولێر دەکات و رایگەیاند ''دڵنیایی بە ھەمووان دەدەم، دوای ھەڵبژاردنم بە پارێزگاری ھەولێر لەو ساتەوە لاپەڕەیەکی تازە دەست پێدەکات و بە ھیچ جۆرێک بیرکردنەوەمان وا نابێت کە کێ دەنگی پێمان داوە و یان نا، ھەر فراکسیۆنێکی بەڕێز دەنگی بە ئێمە نەداوە ئێمە خزمەتکاری دەنگدەرانیانین لە ھەر شوێنێک بن''.
ئومێد خۆشناو گوتی: ''دڵنایی دەدەین کە لە سنووری پارێزگای ھەولێر پەیوەندییەکانمان باشتر دەکەین و لە ئایندەدا پلانەکانمان دەخەینەڕوو، سوپاسی ھەر سەرنج و رەخنە و گلەییەک دەکەین و ئێوەش رۆژانە پەیوەندی راستەوخۆتان لەگەڵ ھاووڵاتییان ھەیە و ئەرکی من خزمەتی خەڵکی پارێزگای ھەولێرە و پێویسم بە ھەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا ھەیە و ئێوە چاودێری کارەکانی ئێمەن''.
پارێزگاری نوێی ھەولێر گوتیشی: ''دڵنیایی بە خەڵکی پارێزگای ھەولێر دەدەین کە یەک ئامانجمان ھەیە کە تایتڵ و ناونیشانی پارێزگار بگۆڕین بۆ خزمەتکار، ئەوەیشی کە ئەمڕۆ گوزەرا لە ھۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگا بەربنەمای دیموکراسییەتە و ئێمەش کاندیدی پارتی و ھەڵبژێردراوی سەرۆک بارزانی-ین و دوای سوێندخواردن خزمەتکاری ھەموولایەک دەبین بەبێ لایەنی حزبی و فەرمانبەرێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبین و لەلایەن سەرۆکوەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی پشڕاستکراومەتەوە و کارنامەکەی جوانەمەرگ فرسەت سۆفی لەبەردەستمدایە و درێژەپێدەری کارەکانی ئەو دەبم و بەرنامەیەکی پڕ خزمەتگوزاری و تۆکمە یەکێک لە ئامانجەکانمانە''.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە ناوی پارێزگارەکانی پێشووتر کرد و گوتی: ''ئەمڕۆ مێژوویەکی پڕ شانازاییە کە وەک حەفتەم پارێزگار لە دوای راپەڕینەوە دەستبەکاردەبم کە پێشووتر ھەریەک لە بەڕێزان عەبدولموھەیمەن بارزانی، خورشید شێرە، فرانسۆ ھەریری، ئەکرەم مەنتک، نەوزاد ھادی و برای ھەمیشە لەیادم فرسەت سۆفی وەک پارێزگاری ھەولێر خزمەتی ئەو شارەیان کردووە، راستە ھەولێر شانازی ئێمەی ھەولێرییەکانە، بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا پایتەختی پێکەوەژیان و ئەمن و ئەمانتە و خزمەتی زیاتری ھەولێرییەکان دەکەین و ئامانجمان وایە دەرگای پارێزگا و ھەموو یەکە کارگڕییەکان بەڕووی ھاووڵاتییاندا بکرێتەوە لە چوارچێوەی یاسادا، ئێمە ھیچ دیوارێک لەنێوان خۆمان و شار و قەزا و ناحیەکاندا ناھێڵین، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە رێگا بە سەرپێچیکاران بدەین''.
پارێزگاری نوێی ھەولێر، ئومێد خۆشناو هەروەها گوتی: ''بەرنامەمان ھەیەکە لە خزمەت پێکھاتەکان بین و ھەولێر بەو پێکەوەژیانەوە جوانە و بەڵێنییان پێ دەدەین کە رەچاوی پێکەوەژیان بکەین، ھاوکات بەشێکی دیکە لە بەرنامەکەمان پەرەپێدانە بە سێکتەری گەشتیاری و لەگەڵ ئەوەشدا شوێنێکمان ھەیە پێی دەڵێن بازگە کە دەرگای شارەکەن، وێڕای ئەوەی کە خەڵک روو لە ھەولێر دەکەن داوا لە برایانمان لە ھێزە ئەمنییەکان دەکەم کە ئەوان دەرگای ھاتنە ژوورەوەی ھەولێرن و بە روویەکی گەشەوە پێشوازی لە میوانان بکەن، وەکو ھەمیشە با ھەولێر ھەر میواندۆست بێت''.
پارێزگاری نوێی ھەولێر راشگەیاند کە پشتوانی کاسبکاران دەبن و بالانسی شار و شارۆچکەکان و گەڕەکە جیاوازەکان دەپارێزین.
پارێزگاری نوێی ھەولێر، ئومێد خۆشناو بە قسەیەکی شاعیر و نووسەری لوبنانی، جوبران خەلیل جوبران کۆتایی بە گوتارەکەی ھێنا و گوتی: ''جوبران دەڵێت یەک ھەڵەم ئەوەبوو کە لەنێوان کاری ئاسان و کاری قورسدا، کاری ئاسانم ھەڵبژارد، خۆزگە کاری قورسم ھەڵبژاردایە''.