Heman Hussein Yaseen
08 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2021
ههولێر - AA
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەر پشت بە بڕوانامە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ھەر ڤاکسینێک سەلامەت بێت لە ھەرێمی کوردستان ئەو جۆرە دابین دەکەن.
سامان بەرزنجی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ھەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی ڤاکسینی فایزەر بەردەوامە و ئاشکراشی کرد، عێراق بڕی یەک ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار دۆز ڤاکسینی کڕیوە و بەپێی ژمارەی دانیشتووان دابەشی دهكات بهسەر پارێزگاکانی عێراقدا.
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەر، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەوڵەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا و ھەوڵی حکوومەتی ھەرێمیش ھەیە، بەغدا داوای ژمارە و ناوی کارمەندان و ستافی پزیشکی کردووە، چونکە ئەولەویەتی یەکەم ئەوانەن کە لە سەنتەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کار دەکەن، تا وەریگرن".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "عێراق یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆز ڤاكسینی فایزەری داواکردووە کە بەشی ٧٥٠ ھەزار کەس دەکات، چونکە ھەر کەسێک دوو دۆز بەکاردەھێنێت، بەڵام ھەمووی بەیەکەوە ناگات و بەشێوەی کاروان دێت، بڕەکەش بەپێی رێژەی دانیشتووان دابەش دەکرێت".
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو کە بەپێی خەمڵاندنی دۆزی ڤاكسین لەسەر ئاستی جیھان بۆ ھەموو کۆمەڵگای جیهان لە ساڵی ٢٠٢١دا، سەدا ٢٠ خەمڵێنراوە و لە ساڵی ٢٠٢٢دا، دەبێتە سەدا ٥٠ بۆیەش لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ دەبێتە دوو ملیۆن و ٤٧٠ ھەزار دۆز.
سامان بەرزنجی لەبارەی مەترسی ھاووڵاتییان لەسەر پێکھاتەی ڤاکسینەکە و گونجان و نەگونجانی لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا گوتی: "دەمەوێت ھاووڵاتییان دڵنیابکەمەوە کە وەکو پڕۆسەی ڤاکسین، پڕۆسەیەکی نوێ نییە، لە دوای راپەڕین ھەڵمەتەکانی کوتان بەردەوام بووە و ئێستایش ھەیە، ئەگەر بێت و ئەو ڤاکسینە نەبووایە زۆر نەخۆشی ھەبوو لە جیھاندا کۆنترۆڵ نەدەکرا یەکێک لەوانە ئیفلیجی منداڵان بوو کە لە ساڵی ١٩٩٨هوه لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "بۆیە وەزارەتیی تەندروستی پشت بە بڕوانامە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت و ھەر ڤاکسینێک سەلامەت بێت، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ئەو جۆرە دابین دەکەین".