Zana Natık Kerem
20 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی، ئەڕشەد ساڵحی لەبارەی ھۆکاری ئەو بۆنە ناخۆشە گازەی کە لە چیای بۆر لە کەرکووک بڵاوبووەتەوە رایگەیاند کە ھۆکارەکەی تێکەڵبوونی نەوتی خاوە لەگەڵ ئاوەڕۆ، بەڵام بۆ ئەمەیش چەند لێکدانەوەیەک ھەیە.
ئەڕشەد ساڵحی بە یاوەری لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری ئەو بۆنە ناخۆشەی کە لە چیای بۆر لە کەرکووک بڵاوبووەتەوە سەردانەی ناوچەکەی کرد و دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە دوای ئەوەی لەسەر داواکاری ھاووڵاتییان سکاڵایان لەبارەی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆشی گاز لە چیای بۆر پێشکەش بە داواکاری گشتیی کرد، لیژنەیەک لە لایەنە پەیوەندیداری و ئەمنییەکان پێکھێنرا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیە بکرێت.
ئەڕشەد ساڵحی لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "لیژنەکە سەردانی ناوچەکەی کرد و بۆی دەرکەوت کە بۆنێکی ناخۆشی گاز لە چیای بۆر بڵاوبووەتەوە، وا دەرکەوتووە کە ھۆکاری ئەوەش تێکەڵبوونی نەوتی خاوە لەگەڵ ئاوەڕۆ، بەڵام بۆ ئەمەش چەند لێکدانەوەیەک ھەیە لەوانە، دەزکردنی نەوت کە ئایا ئەو دزەکردنە بە مەبەست کراوە یان خودی بۆریە نەوتییەکان ژەنگیان گرتووە، کۆن بوون و نەوت لێیانەوە دزە دەکەن کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، ھەناسەدان و نەخۆشییەکانی دیکە دروستکردووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی گوتیشی: "بەداخەوە رۆژ لە دوای رۆژ، دەوڵەت گرنگییەکانی دەوڵەتبوون و یاسایی لەدەستدەدات، چونکە من ھیچ کات نەمبینیووە خانوو لەسەر بۆری نەوت دروست بکرێت، ئومێد دەکەم دەوڵەت بێت و ئەو خانووانەی کە لەسەر بۆریە نەوتییەکان دروستکراون، بڕوخێنێت".
ئەڕشەد ساڵحی راشیگەیاند کە ھیچ لایەنێک بەو کارە تۆمەتبار ناکەن، بەڵام پێویستە لیژنەیەک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە سەردانی ناوچەکە بکات و زیاتر لەو دۆسیە بکۆڵێتەوە و گوتی: "لەھەمانکاتدا، پێویستە ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ناوچەکە وەبەرھێنان دەکەن، رەچاوی رەوشەکە بکەن و ژینگە پیس نەکەن".