Sangar Hamad Azeez
21 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2015
کەرکووک
هێزەکانی پۆلیسی لە پارێزگای کەرکووک توانیان ٤٠ گومانلێکراو دەستگیر بکەن.
بەڕێوبەری پۆلیسی کەرکووک خەتاب عومەر بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەکانی پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکیان لە گەڕەکی حوزەیران کە دەکەوێتە باشووری شارەکە ئەنجامدا و تێدا ٤٠ کەسیان دەستگیر کرد کە گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت ئەندامی رێکخراوی تیرۆرستی داعش بن".
خەتاب عومەر تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بۆسەر حەویجە ژمارەی ئاوارەکان لە باشووری کەرکووک زیادی کردووە و گوتی: "بەمەبەستی رێوشوێنی ئەمنی هەڵمەتێکمان بۆسەر ناوچەکە دەست پێکرد و تێدا ٤٠ گومانلێکراو دەستگیر کران کە بازگەکانی شار هیچ زانیارییەکیان لەسەر چۆنیەتی هاتنە ناوەوەی ئەو کەسانە نییە بۆ ناو کەرکووک".
ناوبراو گوتی: "لە ئێستادا نازانین کە گومانلێکراوان ئەندامی رێکخراوی داعشن یا نا لەبەر ئەوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".
بەمەبەستی بەرگرتن لە پەلامار و تەقینەوە، هێزەکانی ئاسایشی کەرکووک ناوبەناو ئۆپەراسیۆن بەسەر ئەو شوێنانە ئەنجام دەدەن کە جێگای گومانە. هەنووکە بەدووری ٥٠ کیلۆمەتر لە باشووری کەرکووک چەکدارانی رێکخراوی داعش بەدی دەکرێن.