کەرکووک
پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم سەبارەت بە ھەناردە کردنی بڕی ٣٠٠ ھەزار بهرمیل نەوت ئاماژەی بە خراپی بۆرییە نەوت بەرەکان کرد.
لهوبارهیەوه نەجمەدین کەریم گوتی: "بە ھۆی خراپی بۆڕییە نەوتییەکانی کەرکووکەوە ناتوانرێت رۆژانە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکرێت".
پارێزگاری کەرکووک لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای کرد كه بەھۆی خراپی بۆڕییە نەوتییەکانی کەرکوکەوە ناتوانرێت رۆژانە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکرێت، و گوتی: "چونکە بۆڕییە نەوتییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور پێویستیان بە نۆژەن کردنەوە ھەیە. ئەو کۆمپانیایە بەر لە ھێرشەکانی داعش توانای ھەناردە کردنی ٣٠٠ ههزار بەرمیل نەوتی نەبوو".
سەبارەت بە وەرگرتنی بڕی یەک دۆلار لە بەرامبەر هەر بەرمیلیک نەوت کە هەناردە دەکرێت لە چوارچێوەی پترۆدۆلار، کە بەھۆی پەسند نەکردنی بودجەی ساڵی ٢٠١٤ەوە کەرکووک وەری نەگرتووە، نهجمهدین كهریم گوتی: "گرنگە بۆ ئێمە کە ھەرچی زووە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٥ پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسند کردنی. لە ساڵی نوێدا لە بەرامبەر فرۆشتنی ھەر بەرمیلێک نەوتدا کەرکووک پێنج دوڵاری بەردەکەوێت".
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ھێرشەکانی داعش بۆسەر چەند ناوچەیەکی عێراق، ھەناردە کردنی نەوتی کەرکووک لە رێی کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە وەستا، بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتیش بۆشایی لە بودجەی گشتیی عێراقدا دروست بوو.
نهجمهدین كهریم له بهردهوامی لێدوانهكهیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە بۆ سەرانسەری عێراق گرنگە، ھەناردە کردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ههرێمی کوردستان و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک بۆشایی بودجەی عێراق پڕ دەکاتەوە. ھەروەھا بەشە بودجەی کەرکووکیش زیاد دەکات. ئێمە لەسەر داھاتی پترۆدۆلار زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار کەسمان بە گرێبەست دامەزراندووە. نامانەوێت بژێوی ژیانی ھاوڵاتییان تێکبچێت".
پارێزگاری کەرکووک نەیشاردەوە کە کۆمپانیای گازی باکوور، وێستگەی کارەبای مەلا عەبدولڵا و بیرە نەوتییەکانی باشووری کەرکووک کەوتوونەتە ژێر ھەڕەشەی داعشەوە و گوتی: "ناتوانین بیشارینەوە کە ئەو ناوچە گرنگانە لە ژیر ھەڕەشەی داعشدان و لە نێوان داعش و ئەو ناوچەیە تەنیا چەند کیلۆمەترێک ھەیە، لە ماوەی یەک حەفتەی رابردووشدا پێکدادان بە تایبەتی لە نزیک ناوچەکانی وزە روویدا، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە ناوچەکەیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و لەو رووەوە ھێزەکانی ھاوپەیمانانیش پشتیوانی دهكهن".