Zana Natık Kerem
20 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە ناوچەکەدا و ھیچ کاتێک، مایەی ھەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ ھیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام لە پاڵ بەرگریکردنی لە مافە دەستوورییە رەواکانیدا بووە.
مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزە بڵاویکردەوە رایگەیاند: "بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان دەکەم، ھیوادارم رۆژانی پشوو لە کەشێکی ئارام و شادی و خۆشیدا بەسەر ببەن، داوا لە ھاونیشتمانیانیش دەکەم لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاکو خاوێنی ژینگەکەیان بپارێزن و رێنماییەکانی ھاتوچۆش جێبەجێ بکەن".
ھەروەھا لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-دا، ھاتووە "لە درێژایی مێژوودا، نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، ھەمیشە سیمبولی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداری و درێژەدان بە خەبات و ئازادیی و رزگاربوون بووە، گەلی کوردستان ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لە پێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی، ئامادەش نییە لە ژێر ھیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری خواست و مافە نەتەوەییەکانی ببێت".
مەسرور بارزانی جەختی لەوەشکردووەتەوە کە، ھەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە ناوچەکەدا و ھیچ کاتێک مایەی ھەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ ھیچ لایەک و رایگەیاندووە: "لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە دووپاتیدەکەینەوە کە، ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە ناوچەکەدا و ھیچ کاتێک مایەی ھەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ ھیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام لە پاڵ بەرگریکردنی لە مافە دەستوورییە رەواکانیدا بووە، رۆڵی گرنگ و دیاریشی لە برەودان بە کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکھاتە جۆراوجۆەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا گێڕاوە".