Hawkar Yaseen
20 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2022
هەولێر - AA
لیژنەی لێکۆڵینەوەی ئەمنی حکوومەتی فیدراڵ لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر بەسەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی سەردانی ماڵی شێخ باز بەرزنجییان کرد، ئەو شوێنەی لە هێرشە مووشەکیەکەی هەولێر کرایە ئامانج و زیانێکی زۆری بەرکەوت.
لیژنەکە کە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی پێکهاتووە، هەریەک لە سەرۆک ئەرکانی سوپا، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی باڵای حکوومەتی عێراق تێیدا ئەندام بوون، بە یاوەری وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە نزیکەوە سەردانی شوێنی کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکانیان کرد و گوێیان بۆ قسەکانی خاوەنی ماڵەکە، شێخ باز بەرزنجی گرت.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: "ئەم لیژنەیەی ئەمڕۆ بە فەرمانی سەرۆکوەزیران هاتووەتە ئێرە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشە مووشەکیەکەی سەر هەولێر، لیژنەکە دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان و لێکۆڵینەوە لە راستییەکان و گوێگرتن لە خاوەنی ئەم ماڵەی زیانی بەرکەوتووە و برایانمان لە هەرێمی کوردستان، دواتر لەگەڵ لایەنی بەرامبەریش کۆبوونەوەی دیکەمان دەبێت".
گوتیشی: "ئەمەی ئەمڕۆ کردوومانە سەرەتای لێکۆڵینەوەکەیە و دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوە، دەرئەنجامەکەی لە رێگای میدیاکانەوە بڵاودەکەینەوە".
لیوا تەحسین خەفاجی لەوەڵامی ئەوەی لایەنی بەرامبەر کێیە کە دەیانەوێت قسەی لەگەڵ بکەن رایگەیاند: "راستە ئێران بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاندووە بەڵام ئەوە بەرپرسیارییەتی ئێمەیە کە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکەین بۆئەوەی زانیاری دروست لەسەر هۆکاری رووداوەکە بەدەستبهێنین و ئێستاش لە سەرەتای لێکۆڵینەوەداین".
ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر
بەپێی راگەیاندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئەم مانگە، ١٢ مووشەکی بالیستیکی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.
دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر ئاژانسە ھەواڵنێرییەکانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.
لەمبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بو شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەوەنەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە".
ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانە، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە: "داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێڕش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر".
ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.