Rewa Mahmood Hasan
20 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2022
سلێمانی-AA
ئەمرۆ یەکشەممە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٢، یادی نەورۆز لە گردی مامەیارەی سلێمانی و شاڕێی سالم کرایەوە.
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کوردی و هاتنی جەژنی نەورۆزەوە بەئامادەبوونی هەزاران کەس لە خەڵکی شاری سلێمانی، ئاگر لە گردی مامەیارەی سلێمانی کرایەوە و بەهەڵپەرکێ و گۆرانی هاوڵاتیان خۆشی و شادی خۆیان دەربری و یادەکەیان بەرز راگرت.
یەکێک لە بەشداربووانی ئاهەنگەکە بەناوی مەروان حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی،'' ئەمڕۆ هاتووین بۆ بەشداری کردن لە جەژنی نەورۆز، ساڵانە ئەم یادە دەکرێتەوە، ئەمڕۆ ئاگرەکەمان کردەوە لە گردی مامەیارە، بۆیە هاتووینەتە ئێرە، چونکە هەر لە مێژە، لە گردی مامەیارە لەلایەن پیرەمێردی شاعیرەوە یادەکە کراوەتەوە و ئاگری نەورۆز کراوەتەوە، ئێستاش ئێمە وەک خەڵکی سلێمانی هاتووین بۆ ئەوەی ئەم کلتور و نەریتە دووبارە بکەینەوە".
لە شاڕێی سالمیش لە شاری سلێمانی خەڵک بەلەبەرکردنی جلوبەرگی واڵای ناوچەییەوە، بەدەم پیاسەوە، خۆشی خۆیان دەربری و لەهەندێک ناوچەی جیاجیا ئاگری نەورۆز کرایەوە.