Ozhin jola
13 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2020
کەرکوک - AA
ئاسایشی ئابووریی پارێزگای کەرکووک باکووری عێراق رایگەیاند کە دەستیان بەسەر دوو تۆن ماددەی بەسەرچوودا گرتووە لە برنج، رۆن، بەهارات، کەرەستەی جوانکاری و پاککەرەوە کە لەناو کۆگایەکدا مێژووی دروستکردن و بەسەرچوونیان گۆڕدراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئاسایشی ئابووری کەرکووک رۆژی یەکشەممە ١٣ی تەمووز لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک و هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی کەرکووک دەست بەسەر دوو تۆن و ٣٠٠ کیلۆگرام خۆراک، کەرەستەی جوانکاری و پاککەرەوەی ماوە بەسەرچوودا گیراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە ئەو کەرەستانە لە کۆگایەکدا دەستی بەسەردا گیراوە کە تیایدا خراونەتە ناو کارتۆن و کیسی نوێوە و مێژووی دروستکردن و بەسەرچوونیان گۆڕیوە و ئامادەکراون بۆ دووبارە خستنە بازاڕەوە.
لەم بارەیەوە بەرپرسی راگەیاندن لە ئاسایشی ئابووریی کەرکووک، مستەفا بەیاتی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسئی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە داوە کە کۆگاکەیان داخستووە و خاوەنی کۆگاکە، هەروەها خاوەنەکانی کەرەستەکانیان دەستگیرکردووە و دراونەتە دادگا، کەرەستەکانیش لەلایەن تیمەکانیانەوە لەناوبراون.