نەجات حوسێن، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەھۆی ھێرشی گروپە تیرۆریستییەکان بۆ سەر بۆری نەوتبەری کەرکوک- جەیهان، ھەناردنی نەوت لەو بۆرییە راوەستاوە. چونکە دوو مانگ لەمەوبەر لە لایەن تیرۆریستانەوە تێکدراوە."
ئەو بۆرییە بە ناوچەی (عەین جاش)ی موسڵدا تێپەڕ دەبێ.
حوسێن گوتی: "کۆمپانیای نەوتی باکوور چەندینجار بۆ نوێکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو بۆرییە ویستی تیمی پسپۆڕ بنێرێ، بەڵام گروپە تیرۆریستییەکان رێگرییان لە ناردنی تیمەکە کردووە، ھێزە ئەمنییەکانی موسڵ و سوپای عێراقیش ناتوانن ئەو تیرۆریستانە لە ناوچەکە دوور بخەنەوە."
ئەو روونیکردەوە، ئەو نەوتەی لە کێڵگە نەوتییەکانی باباگوڕگوڕ، جامبور، باکووری بای حەسەن، باشووری بای حەسەن و چەند شوێنی دیکە هەڵدەگۆزرێ، لە نێو خەزانەکان کۆدەکرێتەوە.
تائێستا نزیکەی ١٠٠ ھەزار بەرمیل کۆکراوەتەوە و بۆ بەکارھێنانی، روانەی کۆمپانیای بێجی کراوە. هەروەها بەشێکی دیکەی رەوانەی بەندەری جەیھان دەکرێ.
هەروەها فوئاد حوسێن، سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەو بارەیەوە گوتی: "حکومەتی عێراق بۆ نۆژەنکردنەوە بۆرییە نەوتبەرەکان ھەنگاوی پێویستی نەناوە و ئەو بۆرییانەی تێکدراون دەبوا حکومەت چاکی کردبانایەوە، بەڵام تائێستا چاک نەکراونەتەوە و بۆ پاراستنیشیان رێوشوێنی پێویستی نەگرتۆتەبەر."
ئاژانسی ئانادۆڵو وێنەی کێڵگە و پاڵاوگەی باباگوڕگوڕی گرتووە کە گەورەترین کێڵگەی کۆمپانیای باکوورە.
لە باباگوڕگوڕ بەھۆی نزیکبوونی نەوت و غاز لەسەر زەوی، خاکی ئەو ناوچەیە ھەمیشە ئاگری پێوەیە.
کێڵگەی باباگوڕگوڕ لە باشووری شاری کەرکوکە و یەکەمین کێڵگەی نەوتی عێراقە. ساڵی ١٩٠٢ لە لایەن ئەندازیارێکی نیوزلەندی کە بۆ بەریتانیا کاری دەکرد دۆزراوەتەوە و ساڵی ١٩٢٧ لەو کێڵگەیە دەست بە وەبەرھێنانی نەوت کراوە.
باباگوڕگوڕ تا پێش دۆزینەوەی نەوت لە سعودیە، گەورەترین کێڵگەی نەوتی جیھان بوو، دەگوترێ تەنیا لە کەرکوک و دەورووبەری، رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنرێ، بەڵام داھاتی ئەو نەوتە لە لایەن رژێمی عێراقەوە بە شێوەیەکی یەکسان لەسەر خەڵک دابەشنەکراوە و کەرکوک کە لەڕووی وزەوە زۆر دەوڵەمەندە و ھیچ گرنگییەکی پێنەدراوە، بۆیە ئەمڕۆ کاربەدەستانی ئەو شارە و دانیشتوانی داوای چارەسەری بە پەلەی کێشەکانی ئەو شارە دەکەن.