کەرکوک
لەبارەی مەبەستی سەردانەکەی بۆ کەرکوک وەزیری نەوتی عێراق عەبدولکەریم لعێبی گوتی: "مەبەستی سەردانەکەمان لەگەڵ سەرۆکی جێبەکێکاری کۆمپانیای بریتش پرۆتۆلیۆم بۆب داتلی بریتانی سەردانی کێلگە نەوتیەکانی کەرکوکە و کۆمپانیای بریتانی دەخوازێ بەرھەمی نەوت زیاد بکات و کێلگە نەوتیەکە بەشێوەیەکی گشتی پێشەوەببا و سودێکی زیاتری بۆ عێراق و ھاووڵاتیانی کەرکوک ھەبێ و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیمان بە ھاوکاری و پشتگیری پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە و رێنماییمان داوەتە کۆمپانیای نەوت لە کەرکوک پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەکە جێبەجێ بکا و لەگەڵ پارێزگاریش رێکەوتووین ساڵانە پرۆگرامی وا ھەبێ."
وەزیری نەوت ھەروەھا گوتی: "گرێبەستی ئێمە لەگەڵ کۆمپانیای بریتانی بۆ چارەسەرکردن و زیادکردنی بەرھەمی نەوتە لە کەرکوک ئەمە جگە لە روپێوکردنی بیرە نەوتیەکان و شوێنی کێلگە نەوتیەکەی کەرکوک و لە ھەر بەرمیلێکیش ٢ دۆلار دەدرێتە کۆمپانیای جێبەجێکار."
لعێبی ھەروەھا ڕایگەیاند: ئێستا ئەوان دەستیان بە دروستکردنی فرۆکەخانە لە نزیک کێلگە نەوتیەکانی عێراق کردووە و لەم چوارچێوەیەشدا فرۆکەخانەیەک بۆ کێلگەی نەوتی کەرکوک دروست دەکرێ.
پارێزگاری کەرکوک د. نەجمەدین کەریم لەبارەی سەردانی وەزیری نەوت گوتی: "وەزیری نەوتی عێراق ھاوکاری زۆری پارێزگاکەمان دەکا و لەکاتی ئەو دەستبەکاربووە گۆڕانکاری زۆر لە کارەکانی وەزارەت دەروستبووە و کۆمپانیای نەوت ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرکوک دەستپێکردوە و لەگەڵ وەزیری نەوتیش گەیشتینە ئەو رێکەوتنە ئەم پرۆگرامەی کۆمپانیا نەوتیەکان بۆ خزمەتکردنی کەرکووک ساڵانە جێبەجێ بکرێ. ئێمە لەگەڵ وەزارەتی نەوت ھەوڵی پێشەوەبردنی کێلگەی نەوتی کەرکوک دەدەین و ھاوکاریان دەبین چونکە لە ھەر بەرمیلێک بڕی پێنج دۆلار بۆ خزمەتی شاری کەرکوک دەبێ."
ساڵی رابردوو وەزارەتی نەوت ١٧ ملیار دیناری بۆ دروستکردنی باخچە لە کەرکوک تەرخانکرد کە ھەندێکیان جێبەجێکراون و ھەروەھا وەزارەتی نەوت ژمارەیەک لە سەیارەی کۆکردنەوەی پاشماوەکان بۆ کەرکوک دەکڕێ.
کۆمپانیای باکور لە کەرکوک رۆژانە ٦٧٠ ھەزار بەرمەیل نەوت بەرھەم دەھێنی و ٣٥٠ ھەزار بەرمیل بەرێگەی بۆری بۆ بەندەری جیھان لە تورکیا دەنێردرێتە دەرەوە و بەشێوەیەکی بەردەوامیش بریە نەوتەکە روبەرووی ھێرشی توندڕەوان دەبێتەوە کە دەبێتە ھۆی وەستانی ناردنی نەوت بەشێوەیەک تەنیا ئەمساڵ ٤٠ جار ھێڵی نەوتی گواستنەوەی نەوت لەکەرکوک بۆ بەندەری جیھان ھێرشی کراوەتە سەر.