ئەدیس ئابابا
بە گوێرەی ئەو لێدوانەی کە لە تەلفزیۆنی ئەسیوبیا بڵاوکرایەوە، تیادا راگەیەندرا: بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستی ئەسیوبیا دانە، بزوتنەوەی شەباب ھاوکاری لە ئەریتریا وەردەگرێ و پڵان دادەڕێژێ تا لە چەند شوێنێکی جیاوازی وڵات، ھێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدا.
لە لێدوانەکەدا حکوومەتی ئەو وڵاتە داوا لە ھێزەکانی ئاسایشپارێز دەکا، لە ھاتنە ناوەوەی وڵات و خاڵەکانی پشکنین و شوێنانەی قەرەباڵغەکان باری نا ئاسایی رابگەینن، لە حاڵەتی گومانکردن بەپەلە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکرێنەوە.
ھەروەھا داوا لە ھاووڵاتیانیش دەکا ھاوکاری ھێزەکانی ئاسایشپارێز بن و داوا لە ھۆتێل، سەیارەکانی کرێ و خاوەن خانووەکان دەکا، لێکۆڵینەوەی باشی ناسنامەی کڕێچیەکانیان بکەن.
دەربارەی تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی ئەریتریاش ھیچ لێدوانێک بڵاونەکراوەتەوە. لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەسیوبیا دینا موفتی گوتی: "وڵاتەکەی ھێزی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ھەیە."
ئەو لێدوانەی موفتی لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئەسیوبیا بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای لە ھێزەکانی ئەسیوبیا کرد لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن لەدژی ھەر جوڵانەوەیەکی تیرۆریستی لە وڵاتانی جیبۆتی، ئەریتریا، یەمەن و بزوتنەوەی شەبابی سۆماڵ کە لەوانەیە بەرەو ئەسیوبیا بێن.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەلقاعیدە، موفتی باسی رێککەوتنی نێوان ئەسیوبیا، کینیا و ئۆغەندا کرد و رایگەیاند: ئەو ٣ وڵاتە تا ئاستێکی بەرز ھێزەکانیان پەروەردە کردووە، بەپێی رێکەوتنی نێوان ئەو سێ وڵاتەش، بە شێوەیەکی بەردەوام زانیاری لەسەر بزوتنەوەی شەباب دەگۆڕنەوە.
موفتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: تیرۆر ھەڕەشە لە سەقامگیری رۆژھەڵاتی ئەفریقیا دەکات، ھەروەھا گەتی " بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بتوانێ بزوتنەوەی شەباب لاواز بکا، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ھاوکاری خۆی بەھێزتر دەکا"
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەسیوبیا رایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی تیرۆر ھێشتا ھەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەسیوبیا، بەڵام وڵاتەکەی لە کۆتایی چۆک بە تیرۆر دادەنێت و ھێزێکی کاریگەریش بۆ ئەو مەبەستە پێکدەھێنێ.