پەرلەمانی تورکیا
پەرلەمانتاری پارتی بزۆتنەوەی نەتەوە پەرست - مەھەپە محەمەد گوناڵ، لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: مەھەپە دژی ئامادەکردنی فەرھەنگی کوردییە و بە ھیچ شێوەیەک قەبوڵ ناکەن دەزگای زمانی تورکی ئەو فەرھەنگە چاپ بکات.
دەزگای زمانی تورکیا، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی فەرھەنگی زمانی کوردییەو تێیدا ١٣ ھەزار وشەی کوردیی لەچاپ دەدرێ.
گوناڵ لەکاتی کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی بودجەی ساڵی ٢٠١٤ باسی ئامادەکردنی فەرھەنگی زمانی کوردی کرد و گوتی: "ئەتاتورک دەزگای زمانی تورکی دامەزراندووە، ئێمە رێنادەین لە دەزگای ئەتاتورک فەرھەنگی زمانی کوردی چاپ بکرێت. ئەگەر فەرھەنگی کوردی ئامادە بکرێ کەواتە لە تورکیا دوو زمان دروست دەبێ ئەمەش وا دەکات فیدرالیزم ھەنگاو بە ھەنگاو بنیات دەنرێت لە تورکیا."
لەوەڵامی قسەکانی گوناڵ، حەسیب کاپڵان پەرلەمانتاری بەدەپە گوتی: "ئەو فەرھەنگە جێی مەترسی نییەو ھیچ کارناکاتە سەر دابەشکردنی تورکیا، بۆیە لەوبارەیەوە ھیچ ترس و خۆفێک لەگۆڕێ نییە."
لەلایەکی دیکە ئەکرەم چەلەبی، پەرلەمانتاری ئاکەپە لەبارەی چاپکردنی فەرھەنگی زمانی کوردی گوتی: "حکومەت دەتوانێ فەرھەنگی زمانی تورکی، فەرەنسی، ئینگیلیزی و کوردیش چاپ بکات. لە پێش ساڵی ٢٠٠٢ کەس نەیەتوانی باسی کوردبوون و ئایینی خۆی بکا. بۆ کورد لە تورکیا TRT٦مان دامەزراند. ھەموو کەس دەتوانێ بە کوردی قسە بکا و ناسنامەو زمانی خۆی ببپارێزێ."
ھەروەھا ئایدن ئایایدن، پەرلەمانتاری جەھەپە باسی رەوشی میدیای کرد لە تورکیا و بەڕاشکاوی گوتی: "میدیا لە تورکیا لە بن چاودێری حکومەتدایە و وڵات وەکو بەندیخانەیە بۆ رۆژنامەنووسان."