ئەنقەرە
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەمیل چیچەک، لەبارەی زمانی کوردی و پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکان روونکردنەوەیداو رایگەیاند: لەپرۆتۆکۆلی پەرلەمانی تورکیا بۆ زمانی کوردی ئیتر "زمانی بێگانە" بەکار ناھێنرێ، بگرە ھەموو زمانەکانی دیکە وەکو زمانی غەیرە تورکی پێناسە دەکرێن.
ئێستا نزیکەی ١٠ ئەندام پەرلەمانی تورکیا لەناو زیندانەکانی ئەو وڵاتەدان و بەشی زۆریان ئەندامی پارتی ئاشتی و دیموکراتی- بەدەپەن، ھەروەھا ئەندامانی جەھەپەو مەھەپەیش لەزیندانن.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاشکرایکرد بۆ چارەسەری پرسی پەرلەمانتارە گیراوەکان، ھەوڵی زۆریداوە، بۆ چارەسەری کێشەیەک ئەگەر پێویستی کردبێ نیوەشەو سەردانی شوێنی مەبەستیکردووە.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کۆمیسیۆنی پلان و بودجە لە پەرلەمان وەڵامی پرسیار و رەخنەکانی دایەوە و گوتی: "لە تۆمارو پرۆتۆکۆلی پەرلەماندا بۆ زمانی کوردی وشەی زمانی بێگانە یان نەزانراو بەکار دەھێنرا، بەڵام ئێستا وشەی زمانی غەیرە تورک بەکار دەھێنرێ."
چیچەک ھەروەھا گوتی: "بۆ سەرۆکی پەرلەمان لە بارەی کێشەکانەوە ھەڵوێستی نییە، بۆ جارجار ھەندێ نووسراو و بابەت کە ھیچ پەیوەندییان بە یاسا یا پرۆژە یاسایەکەوە نییە دەخرێنە نێو پرۆژە یاساکانەوە، بۆ سەرۆکی پەرلەمان ھەڵوێستی نییە؟ راستە من لە دژی ئەو جۆرە شتانەمە، من ھەمیشە قسەم لە سەر ئەو بابەتە کردووە، بەڵام تا ئەو کاتەی چوار پارتە سیاسییەکە تێبگەن نە پەیڕەوی ناوخۆ دەمێنێ نە شتێکی دیکە. من لە سەردانم بۆ ھەر شوێنێ دەستووری بنەڕەتیم لەگەڵدایە. ئەگەر ئێوە بە پشت بەستن بە دەستووری بنەڕەتی بڵێن کە سەرۆکی پەرلەمان مافی ئەوەیە ھەیە وا بکا و وا نەکا، من کەسێک نیم دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆم بە پێی ویستی خۆم بەکار بێنم."
مادەی شەشی دەستووری بنەڕەتی تورکیا دەست نیشانیکردووە ھیچ دەزگا یا ھیچ کەسێ بۆی نییە دەسەڵاتەکەی بەکار بێنێ کە سەرچاوەی دەستووری بنەڕەتی یا یاساکانی دیکە نەبێ.
جەمیل چیچەک لە وەڵامی چەند رەخنەیەک سەبارەت بە خەرجکردنی ١٥ ملیۆن لیرە بۆ پەرلەمان دایەوە و گوتی: "بۆ پەرلەمان ٨٥ ھەزار لیرە خەرجکراوە. پرسی پەرلەمانتارە بەندکراوەکان پرسێکی گرنگە و زۆربەی کاتی خۆم بۆ ئەو پرسە داناوە. دەتوانن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو قسانەم، پرس بە ھابەراڵ و ئایگون بکەین، رێبازێکی تایبەتی من بۆ کاری سیاسی ھەیە. ئێمە ناتوانین تەنیا بە قسەکردن و دەرکردنی لێدوان، پرس و کێشەکانمان چارەسەر بکەین، پێویستیمان بە ھەوڵدان ھەیە، پرسی پەرلەمانتارە بەندکراوەکانیش یەکێ لەو پرسانەیە کە بە گوتار و لێدوان چارەسەر ناکرێ. وشەی پەرلەمانتارە گیراوەکان ناتوانێ پرسی ئەو پەرلەمانتارانە چارەسەر بکا، دەگوترێ پێنج ئەندام پەرلەمان لە بەندیخانەن، من دەڵێم حەوت پەرلەمانتار گیراون و ھەندێکی دیکەیش باسی ١٠ پەرلەمانتاری دیکە دەکەن. پارت و لایەنە سیاسییەکان لە گۆشەنیگای خۆیانەوە سەیری ئەو مەسەلەیە دەکەن. ئەمە بیرکردنەوە و جۆرە یاسایەکی ھەڵەیە و دەبێ دەستووری بنەڕەتی تورکیا پێشی لەو جۆرە یاسایانە بگرێ، کاتێ دەستوور پێشی لەو جۆرە یاسایانە گرتووە ئەوا ئێمە دەتوانین یەک بە یەکی ئەو کێشانە چارەسەر بکەین."