Sangar Hamad Azeez
26 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان: "دوای ئەوەی جەستەی ئالانی کۆرپەلە کەوتە کەناراوەکان، ئینجا دەستمان بە لێپرسینەوەی مرۆڤایەتی خۆمان کرد، باشە لەو کاتەی کە ئالانی کۆرپەلە جوانەمەرگ بوو ئێوە لە کوێ بوون؟. ماوەی شەش ساڵە خەڵک لە سووریا دەکوژرێت، تەنیا جەستەی ئەو کەسانەی کە لە ئاوی هەردوو دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاستدا دەرمان هێناون گەیشتووەتە ١٠٠ هەزار کەس، دەمانتوانی ئەوان لە مردن رزگار بکەین".
لە میانی گوتارێکیدا لە حەوتەمین کۆڕبەندی جیھانی ھاوپەیمانی شارستانیەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە جەنگی نێوخۆیی سووریا کوژراون گەیشتووەتە ٥٠٠ هەزار کەس".
ئەردۆغان جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە لە سووریا تیرۆری تاکی بوونی نییە و بەڵکو دەوڵەتی لە پشتیەوەیە وگوتی: "کۆکوژکردنی مرۆڤەکان لەو وڵاتە بە هێرشی بەرمیل، تۆپباران وتانک ئەوە دەخاتەڕوو کە تیرۆر لەو وڵاتە باڵادەستە".
لە درێژەی گوتەکانی ئەردۆغان پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا ئەو کەسانەی فەرشی سوور بۆ سەرانی ئەو وڵاتە رادەخەن ئایا تاوانبار نین؟ ئەو گوتی: "ئەگەر بڕیارتدا رووبەڕووی تیرۆر ببیەوە دەبێت راستگۆ بیت لەگەڵ بڕیارەکە. ئایا ئەو کەسانە بەرپرس نین کە چەک بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەدەن؟ ئێمە وەک تورکیا هەوڵ دەدەین پارێزگاری لە رێککەوتنی شارستانییەتی بکەین بەڵام لە ژێرەوە ئەو کارانە دەبینین، چونکە ئێمە نامانەوێت ئەو جەستانە ببینین کە بەهۆی ئەوانەوە گیانیان لەدەست داوە و لە کەناراوەکانمان کەوتوون. ئەو کاتانەی جەستەیەک دەبینین زۆر پێی غەمبار دەبین. دوای ئەوەی جەستەی ئالانی کۆرپەلە کەوتە کەناراوەکان، ئینجا دەستمان بە لێپرسینەوەی مرۆڤایەتی خۆمان کرد، باشە لەوکاتەی کە ئالانی کۆرپەلە جوانەمەرگ بوو ئێوە لە کوێ بوون؟ ماوەی شەش ساڵە خەڵک لە سووریا دەکوژرێت، تەنیا جەستەی ئەوکەسانەی کە لە ئاوی هەردوو دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاستدا دەرمان هێناون گەیشتووەتە ١٠٠ هەزار، دەمانتوانی ئەوان لە مردن رزگار بکەین. لە ئێستادا سێ ملیۆن پەنابەر لە وڵاتەکەمانن، خۆشحاڵین کە ئێمە وەک دۆست سەیریان دەکەین. پەندێک هەیە دەڵێت 'بەگوتنی هەنگوین دەم شیرین نابێت، بە تامکردنی دەم شیرین دەبێت' ئێمە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلارمان بۆ پەنابەران خەرج کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە باسی خەرجییەکانی شارەوانیش ناکەم کە نزیکەی ١٢ بۆ ٢٠ ملیار دۆلار دەبێت".
سەرکۆماری تورکیا لە کۆتاییدا گوتی: "لە ئێستادا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە نێو کەمپەکانی تورکیا دەژین، ٢٨٠ هەزار پەنابەرە. ئەو پانابەرانەشی کە بەسەر شارەکان دابەشمان کردوون نزیکەی سێ ملیۆن پەنابەر دەبێت. هێشتا ئێمە وەک وڵاتانی رۆژئاوا کەمپەکان بە رووی پەنابەران داناخەین، ئێمە بەردەوام دەبین لە باوەشکردنەوە بۆ ئەو کەسانەی لە ترسی بۆردومانەکان پەنا بۆ ئێمە دێنن، چونکە ئێمە ناتوانین ئەو مرۆڤانە بۆ مردن جێ بهێڵین".