Hamit Hüseyin
26 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2016
بەپێی هەواڵی ماڵپەری فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا لەبارەی دۆخی خورماتوو رایدەگەیەنێت کە: "رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی شارۆچكەی خورماتوو كە بووە هۆی گرژی و ناسەقامگیری لەم شارۆچەكەیە جێگەی دڵگرانیی ئیمەیە. زۆر ئاشكرایە كە هەندی كەس و لایەن كە پێشتریش سەرچاوەی گرفت و فیتنە بوون ئیستا لە ژێر ناوی تازە دەستیان لە نانەوەی كێشە و فیتنەگێڕیدا هەیە و دەیانەوێت شەڕ و دووبەرەكی لە نێو خەڵكی خۆجێی ناوچەكە و پێكهاتەكان دروست بكەن".
لە درێژەی پەیامەکەی مەسعود بارزانیدا هاتووە: "بەداخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی ئەو رووداوانە ژمارەیەك هاووڵاتی و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەم و هیوای چاكبوونەوەی برینداران دەخوازم. داوا لە بەرپرسانی هەرێم و فەرماندەكانی پێشمەرگە دەكەم كە لەگەڵ عاقڵمەندانی ناو حەشد، ئەوانەی كە دژی فیتنەن بكەونە دیالۆگ و راوێژ، بۆ ئەوەی رێگە لەو كەسانە بگرن كە دەیانەوی ئاگری شەڕ و فیتنە هەڵگیرسێنن و ئاسوودەیی خەڵك و پێكهاتەكانی ناوچەكە بشێوێنن".
لە کۆتایی پەیامەکەدا بارزانی دەڵێت: "پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگری لە خەڵكی ناوچەكە بكات و رێگەیش لە هەموو دەستدرێژییەك بۆ سەر ماڵ و موڵكی هاووڵاتییان و دانیشتوانی خوورماتوو بگرێت".