Zana Natık Kerem
13 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2020
بەغدا - AA
بهمهبهستی دهربڕینی ناڕەزاییەتی بەرامبەر بە خراپی کارەبا و دواکەوتنی مووچە، دەیان هاووڵاتی و فەرمانبەری گرێبەست سەربە فەرمانگەکانی دابەشکردنی کارەبا لە شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار باشووری عێراق خۆپیشاندانیان ساز کرد، هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە ئەرکی حکوومەتە، خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییانی زیقار و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکات.
میدیاکانی خۆجێی بڵاویان کردەوە کە دەیان هاووڵاتیی لە شاری ناسرییە خۆپیشاندانیان سازکردووە کە لە میانیدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر خراپبوونی کارەبا، بە سووتاندنی تایە رێگەی رۆژئاوای شارەکەیان داخستووە.
لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران داوایان لە حکوومەتی خۆجێی کرد، گرفتی کەمی کارەبا لە سایەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ چارەسەر بکات.
لە لایەکی دیکەوە دەیان فەرمانبەری گرێبەست سەربە فەرمانگەکانی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگای زیقار، بهمهبهستی دهربڕینی ناڕەزاییەتی بەرامبەر بە دواکەوتنی مووچەکانیان لە بەردەم فەرمانگەکەی دابەشکردنی کارەبای شاری ناسرییە گردبوونەوە.
ئەو فەرمانبەرانە رایانگەیاند کە ماوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە داوایان کرد کە مووچەکەی ئەو سێ مانگەیان بۆ خەرج بکرێت.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە ئەرکی سەرشانی حکوومەتە، خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییانی زیقار و پارێزگاکانی دیکە بکات.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە مستەفا کازمی لە بەغدا بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی لەگەڵ پارێزگاری زیقار، نازام وائیلی و بەڕێوەبەری پۆلیسی زیقار، عەمید ناسر ئەسەدی کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، بەوردی باس لە رەوشی ئێستای پارێزگای زیقار کراو، هەروەها ئەو رێوشوێنانەی کە دامەزراوە حکوومییەکان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە دانیشتوانی پارێزگاکە گرتوویانەتەبەر، خراوەتە بەرباس.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی هەڵسەنگاندنی بۆ رێوشوێنی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە زیقار لە دابینکردنی پێداوێستییە پزیشکی و تەندروستیی بۆ نەخۆشخانەکان کردووە و گوتی:
"ئەرکی سەرشانی حکوومەتە لە سەرجەم بوارەکاندا، خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییانی زیقار و پارێزگاکانی دیکە عێراق بکات".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە گرنگی زانیوە کە لە پارێزگای زیقار هاوکاری تەواو لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکاندا هەبێت بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە هەموو بوارەکاندا دەستبەر بکرێت.