Hawkar Yaseen
13 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2020
هەولێر AA
پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی رایگەیاند "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سەرقاڵی میکانیزمێکی نوێین کە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، لەمەودوا لە هەموو بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر پشکنین دادەنێین، ئەو هاووڵاتییەی دەیەوێت داخڵی هەولێر بێت بە نرخێکی دیاریی کراو پشکنینی بۆ دەکرێت کە لە ٥٠ هەزار دینار تێ ناپەڕێت بەتایبەت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە پارێزگاکانی عێراق دین، لەوانەیە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان میکانیزمەکە جیاوازی هەبێت، ئەوانەی دێن لەمەودوا تەنها پشکنین دەکەن و پێویست بە هەماهەنگی پێشوەختە ناکات بۆ هاتنە ناوەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەیە جوڵەی ئابووریی و بازرگانیی لە شاری هەولێر نەوەستێت چونکە داخستنی ئەو رێگایانە کاریگەری لەسەر بازاڕ و ئابووری هەبووە".
فرسەت سۆفی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەگەر خێزانێک لە یەک ئۆتۆمبیلدابن و پێکەوە بێنە هەولێر تەنها یەک کەسیان وەک نموونە وەردەگیرێت و پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی تێچووەکە زۆر نەکەوێت لەسەر هاووڵاتییان".
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ١٦٠ هەزار و ٤٥٩ کەس پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بۆ کراوە و نۆ هەزار و ٤٥٥ توشبوو تۆمارکراوە کە لەو ژمارەیە، دوو هەزار و ٣٧٣ کەسیان لە پارێزگای هەولێرە.
تا ئێستا ٣٢٦ کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان لەدەستداوە کە ٥٤یان نیشتەجێی سنووری پارێزگای هەولێر بوون.