hemn husain
04 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2016
نەخۆشخانەی سویدی تایبەت، ئۆفەرێكی پشكنینی بەخۆرایی بۆ پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان بۆ ماوەیەكی دیاركراو راگەیاند.
لە رێورەسمێكدا بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەعفەر ئیمێنكی و فەرماندەی گشتی هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان حوسێن یەزدانپەنا و ژمارەیەك لە بەرپرسان و پەرلەمانتاران، نەخۆشخانەی سویدی تایبەت ئۆفەرێكی راگەیاند كە بریتییە لە پشكنینی بێ بەرامبەر و داشكاندنی 30 لەسەدای نرخی چارەسەركردن بۆ پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان.
لە دەستپێكی رێورەسمەكەدا فەرماندەی گشتی هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان حوسێن یەزدانپەنا تیشكی خستە سەر هەڵوێستی نەخۆشخانەی سویدی و گوتی: "بەو پێیەی كە بەندە لە بەرەكانی شەڕدایە دژی داعش و لە یەكێك لە شەڕەكاندا 5 پێشمەرگەمان بریندار بوون و زۆربەی دكتۆرەكان دوا بڕیاریان لەسەر ئەوەدا كە دەست و قاچی ئەو بریندارانە دەبێت ببڕێتەوە بەڵام دوای هاتنمان بۆ ئەو نەخۆشخانەیە ئەوا توانیمان 4 پێشمەرگە چارەسەر بكەین بەبێ ئەوەی كەمئەندام بن و پێشمەرگەیەكیش دەستی بڕایەوە".
حوسێن یەزدانپەنا پێی وابوو كە دەبێت كۆمپانیایەكانی ناوخۆیی رۆڵیان هەبێت لە یارمەتیدانی وەزارەتی پێشمەرگە و لەمبارەیەوە گوتی: "لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست كاتێك شەڕ دەبێت ئەوا كۆمپانیاكان یارمەتی حكوومەت دەدەن هەر بۆیەش نابێت باری شەڕ تەنیا لەسەر ئەستۆی حكوومەت بێت و هەندێك جار دەبێت خاوەن كۆمپانیا ناچار بكرێن كە یارمەتی هێزەكانی پێشمەرگە بدات".
حوسێن یەزدانپەنا گوتیشی: "ئەو كەسانەی كە دەیان ساڵە لە خێروبێری ئەم وڵاتە سوودمەندن، چۆن دەبێت ئامادە نەبن كەرەستەیەك بۆ بەرەكانی شەڕ نەنێرن بۆیە بە پێویستی دەزانم كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاووڵاتییەكانی ئەركدار بكات بەوەی كە هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگە بكەن".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سویدی تایبەت، دكتۆر لوقمان ئەتروشی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك ئاگادارن قەیرانێكی گەورە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە و وەك ئەركێكی نیشتمانی و رێزگرتن لە برایانی پێشمەرگە و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، بڕیارمان دا كە ئەو ئۆفەرە پێشكەش بكەین، لەبەر ئەوە ئێمە دەتوانین كەمێك لە خەمەكانی ئەوان كەم بكەینەوە، هەرچەندە ئەو خزمەتەی ئێمە زۆر كەمترە لە چاو ماندووبوونی برایانی پێشمەرگە".
دكتۆر لوقمان ئەتروشی گوتیشی: "ئێمە زۆربەی بەشەكانمان هەیە و كاتێك سەردانی ئێمە دەكەن، ئەوا دەتوانین لە رێگای بەشەكانی ئەو نەخۆشخانەیە یارمەتییان بدەین و بەشەكانیش پێكدێت لە بەشی نەشتەرگەری و هەناو و ددان و ئێسك و بەپێی ئەو توانایەی كە هەیە دەتوانین خزمەتی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان بكەین".
گوتیشی: "لەم ئۆفەرەدا پشكنینی نەخۆش بە خۆڕاییە و لە چارەسەركردنیشدا سەدا ٣٠ داشكاندنیان بۆ دەكەین و ئەم ئۆفەرەش لە نێوان كاتژمێر 10ی بەیانی تا 7ی ئێوارەیە بەڵام نەخۆشخانەكەمان 24 كاتژمێر كراوەیە".
نەخۆشخانەی سویدی تایبەت لە مانگی نیسانی 2012 لەسەر رووبەری 4 هەزار مەتر بە هاوكاری 4 كۆمپانیای سویدی و بە یارمەتی دەستەی وەبەرهێنان درووستكراوە و هیچ پشكێكی خێرخوازی تێدا نییە وبە شێوەیەكی فەرمی كرایەوە و سەرجەم بەشەكانی هەر نەخۆشخانەیەكی تایبەتی تێدایە.