Hemn Baban
19 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2016
لێرە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و ئەوانەیشی لەوێن ئاو بە ئاوارەكان دەدەن، ئەوان بۆ دەستكەوتنی ئاو زۆرجار دەچوونە سەر ئەو ئۆتۆمبیلانەی سوپای عێراق كە ئاوی بۆ هێزەكان دەگواستەوە.
زرمەی تۆپ و دەنگی فڕۆكەكان لە ئاسمانەوە و هێرشەكانی سوپای عێراق بۆسەر داعش لە زەوییەوە ئەوانی ناچار بەهەڵاتن كردووە تا نەبنە قوربانی فیشەكەكانی چەكدارانی داعش یان ئەوەی پێیدەگوترێت" ئاگری دۆست" كە لە بنچینەدا جل رەشەكانی دەوڵەتە ئیسلامییەكەی بەغدادی كردبێتە ئامانج، دوای چەندین رۆژ مانەوە بەبێ خۆراك و ئاوی خواردنەوەی پێویست و رۆیشتنی چەندین کیلۆمەتر بەپێ ئەو خەڵكانەی فەرمانڕەوایەتییەكەی داعش بەجێ دەهێڵن لە ناحیە و گوندەكانی نزیك لە شاری مووسڵ "پایتەختی خەلافەت" و پەنا بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دەهێنن لەگەڵ گەیشتنییان بۆ سنوورەكە دەستیان بەرزدەكەنەوە و ئاو فریادڕەسی یەكەمە كە زۆرترین ناوی بەسەر زمانی وشكی ئەوانەوە دێتە دەرەوە، قسەی یەكەمی ئەوان كە چاویان بە ئێمە لە سەنگەری باقرت كە دەروازەی وەرگرتنی ئاوارەكانە لە نزیك مەخموور تاكە رستەیەك زوو زوو دووبارەی بكەنەوە" حجی می الله یرحم والدیك"، واتە حاجی ئاومان بدەرێ رەحمەت لەدایك و باوكت.
لەو سەنگەرەوە كە پێشتر داعشی لێ بووە و ئێستا ساترێكی بۆ كراوە دوو مەتر بەرز دەبێت دەروازەیەك كراوەتەوە لەو دەروازەیەوە رۆژانە عەرەبەكانی ژێر قەڵەمڕەویی داعش لە "دۆزەخ"ەكەی خەلافەتەكەی بەغدادی هەڵدێن و پەنا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دەهێنن، ئەوان لە ترسی گیانی خۆیان هەموو شتێكیان بەجێهێشتووە، لەو دەروازەیە كە هیچ سێبەرێكی ئەوتۆی لێ نییە هیچیان بیر نامێنێت تەنها ئاو نەبێت كە بەلای ئەوانەوە لەهەموو شت پێویستترە بۆ مانەوە لە ژیان، هەڵبەت هەر لێرەشە مرۆڤ بەكردەیی لەو دروشمە تێدەگات كە دەڵێت" ئاو ژیانە"، بەشێك لە منداڵەكانیش شەڕ لەگەڵ مەرگ دەكەن و ئەو دەبە ئاوانە زۆرێكیان لێ وریا دەكاتەوە، ئاویش لێرە زۆر بەكەمی دەست دەكەوێت، چونكە ناوچەیەكی دوورە لە قەزای مەخموورەوە و تۆز و خۆڵێكی زۆر لەگەڵ گەرمایەكی بەتین دیمەنی رۆژانەی ئێرەن.
موزەفەر شەعبان گەنجێكە لە بیستەكانی تەمەنیدایە، ئەو لەگەڵ دابەزینی لە بارهەڵگرە سەربازییەكە یەكەمین شت هاواری بۆ دەكرد ئاو بوو، دوو منداڵەكەشی كە یەكێكیانی لە باوەشگرتبوو تەواو دابوویانە گریانێكی قوڵ و هات و هاوارییان لێ بەرز بووبوویەوە، ئەو گەنجە سوور و سپییە ریشێكی هێشتبوویەوە و فانیلەیەكی وەرزشی یانەی بەرشەلۆنەی پۆشیبوو، سەرێكی تۆزاوی، نەعلەیەكی شڕ و شێواو و دەموچاوێكی تەواو ماندووشی هەبوو، موزەفەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خەڵكی باشووری مووسڵ و گوندەكانی دەورووبەری گەیارە بەتەواوەتی بێتاقەت و بێزار بوون لەو بارودۆخەی کە هەیە، لەوێ نە ئاو و نە كارەبا، تەنانەت خواردنیش نییە، شیری منداڵیش تەواو كەم بووەتەوە بە شێوەیەك كە هەڕەشەی مردن لەسەر ژیانی چەندین كەس هەیە، ئێستا چەكدارانی داعش لاواز بوون، بەڵام خەڵك برسی و تینویەتی و داوا لە بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا دەكەین بە هانامانەوە بێن".
موزەفەر لە درێژەی قسەكانیدا دەیگوت كە ئەوان زۆر تینویانە و برسیشیانە، بەتایبەت منداڵەكانیان، بە قسەی ئەو بێت ئەگەر دۆخەكە بەردەوام بێت مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مردنیش لەناو دانیشتوانی ژێر فەرمانڕەوایەتییەكەی داعش هەیە، بەتایبەت لەو شوێنانەی دەكەونە نێوان داعش و سوپای عێراق.
لێرە هێزەكانی پێشمەرگە، ئاسایش، خەڵكی ئاسایی ئەوانەی لەوێ هەن و ئاویان لەلایە هەموو شتێك دەكەن تا ئاو بەو ئاوارانە بدەن و جگە لە شكاندنی تینوێتی مامەڵەیەكی نەرمیشیان لەگەڵدا دەكەن.
موزەفەر لەگەڵ ئەوەی دەستی بە ئاو گەیشت یەكسەر یەكەم شت تینوێتی هەردوو منداڵەكەی شكاند و دوای ئەوەیش كە ئێمەی بینی خۆی پێشنیازی كرد قسەمان بۆ بكات، ئەو دەیگوت: "ئێمە چەند رۆژێكە پڕ بە گەرووی خۆمان ئاومان نەخواردووەتەوە، هەروەها لەم گەرما بەتینە ئاویش وەكو هەناسە پێویستە، بەڵام بەداخەوە تا دەگەینە شوێنی خۆمان ئەوەندە ئاومان پێویستە و دەستمان ناكەوێت، زۆر منداڵ ئەبوورێنەوە، بەشێكیان نزیك ئەبنەوە لە مردن، ئەوە ببینن ئێستا ئەوە گەنجێكە لە تەنیشت ئێمەوە سێ سەعات دەبێت بەهۆشی خۆیدا نایەتەوە و لەگەرما و بێ ئاویدا هەندێك ئەڵێن گیانی لەدەستداوە، هەندێكیش ئەڵێن ماوە ئیتر نازانم".
هەر ئۆتۆمبیلێكی سوپای عێراق بەو دەروازەیەدا تێپەڕیبا یەكسەر پەلاماری ئاوارەكانی بۆ سەر ئامادەبوو، ئەوان هیچ شتێكیان نەدەویست تەنها ئاو بۆ منداڵەكانییان، ئاو بۆ خواردنەوە و شكاندنی ئەو تینوێتییەی زیاتر لە هەموو شت تینی بۆ هێنابوون.
هەرچۆنێك بێت، لەم گەرمایە ئەوەی كە قەدری ئاو دەزانێت تەنها ئەو ئاوارانەن كە چەندین كاتژمێرە لەژێر تینی گەرمییەكی بێ رەحم هیچ قومە ئاوێك نییە لیوەكانییانی پێ تەڕ بكەن، ئاویش بۆ ئەمان پێش هەموو كەسی دیكە ژیانە.