hemn husain
19 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2016
هەولێر
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ شكستهێنانی كودەتا سەربازییەكەی توركیا و تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە خۆشحاڵ بووین كە ئیرادەی گەل لە توركیا سەركەوت، ئەگەر سەیر بكەین هیچ كودەتایەك لە توركیا لە بەرژەوەندی كورد نەبووە و خۆشحاڵین حكوومەتی توركیا كە دەسەڵاتێكی شەرعی و پاڵپشتی گەلی توركیای هەیە، جێگیربووەتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەبوونی سەقامگیری و ئاسایش لە توركیادا، بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە وەكو دوو دراوسێی یەكتر".
سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی سەردانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیكی بۆ سلێمانی رایگەیاند "سەردانی مالیكی بۆ سلێمانی كارێكی حزبییە و، وەك خۆی رایگەیاند بۆ پیرۆزبایی كردن لە رێككەوتنی سیاسیی یەكێتی و گۆڕان ھاتووە، تا ئێستا باسی نەكردووە بێتە ھەولێر ئەگەر داوا بكات بۆ سەردانكردنی ھەولێریش، ئێمە پێشوازی لێدەكەین".
سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئەگەر مالیكی نیازى خێری ھەبووایە لە سەردانی بۆ ھەرێمی كوردستانی دەبوایە داوای بكردایە تا سەردانی ھەولێریش بكات".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەیش كرد كە هەرێمی كوردستان قەرزێكی زۆری لەسەرە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری ئەوتۆی نەكردووەتە سەر داهاتی هەرێمی كوردستان و لەوبارەیەوە گوتی: "تا ئێستا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری ئەوتۆی نەكردووەتە سەر داھاتی هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە پێش ئەو كاتە قەرزێكی زۆرمان لەسەربووە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوە ئێستا لەو قۆناغەدا نین كە بتوانین پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچە بكەین و ئەگەر باری دارایی هەرێم باش بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچە دەكەین".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە دەستپێشخەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بازرانی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و گوتی: "دەستپێشخەری لەلایەن سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەیە، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان راسپێردراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەكان قسە بكات، تا ئێستا لەگەڵ چەند لایەنێك قسەی كردووە بڕیار وایە لەگەڵ بەڕێز رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كاك نەوشیروان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان قسە بكات بۆ ئەوەی چارەسەر بۆئەو بارودۆخەی ھەرێمی كوردستان بدۆزینەوە".