Sarmand Hameed
24 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2018
هەولێر - AA
لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر لەبارەی ئەو رووداوانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری هەولێر روویاندا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "تێبینی دەکرێت لەم رۆژانەی دوییدا هەندێک رووداوی کوشتن و پێشێلکردنی یاسا لە شاری هەولێر بەدی کراوە".
لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە هاووڵاتییانی شاری هەولێر دڵنیا دەکەنەوە کە باری سەقامگیری پایتەخت پارێزراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو تاوانباران و پێشێلکارانی یاسا دەگرنەبەر و رووبەڕووی دادگایان دەکەنەوە.
لە راگەیەنراوەکەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێردا وێڕای سوپاسی هاووڵاتییان لە هاوکاریکردنی دەزگا ئەمنییەکان، داوا کراوە کە هاوکای زیاتری لایەنە پەیوەندارەکان بکەن و هاوکات هۆشداری دراوە بەو کەسانەی چەکی بێ مۆڵەت هەڵدەگرن و ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ لێدەخوڕن و تیایدا هاتووە "سوپاسی هاوکاری بەردەوامی هاووڵاتییان دەکەین و داوایان لێ دەکەین هاوکاری زیاترمان بکەن و هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت چەک هەڵبگرێت سەرەڕای ئەوەی کە چەکەکەی دەستی بەسەردادەگیرێت، خۆشی دووچاری رێکاری یاسایی دەبێتەوە و دەدەرێت بە دادگا و هەر کەسێک ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ لێبخوڕێت دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەکرێت".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "دووبارە سوپاسی هاوکاری هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەینەوە و دووپاتی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرجەم تاواتباران دەکەین".