Fakhradin Ibrahim Mohammad
26 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2020
هەولێر - AA
بازاڕی هەولێر، دوای زیاتر لە مانگ و نیوێک بەهۆی بڵاوبووبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا، جارێکی دیکە کرایەوە و ئەوەیش بەڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.
پۆلیسی قایمقامیەت و کارمەندانی تەندروستی لەسەر شەقامەکان چاودێری دۆخەکەیان دەکرد و رێگرییان لە هەرچەشنە قەرەباڵغییەک دەکرد.

هاووڵاتییان بە خۆشحاڵییەوە سەردانی بازاڕی هەولێر دەکەن، ئەویش دوای زیاتر لە یەک مانگ و نیو لە داخرانی لە چوارچێوەی رێنماییەکان کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاری لەبارەوەدابوو.
پۆلیسی هاتوچۆ بە ئاراستەکردنی ئۆتۆمبێلەکانی سەر شەقام هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ترافیک و نەهێشتنی قەرەباڵغی شەقامەکانیان دەدا.

هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی پێداوایستییەکانیان بە تایبەتی پێدوایستییەکانی مانگی رەمەزان روویان لە دوکانەکانی بازاڕی گەورەی شار دەکرد و جۆرێک لە خۆشحاڵی بە روخساریانەوە دیار بوو بەهۆی ئاساییبوونەوەی رەوشی ژیان.

ئەگەرچی درەنگ دابەشکردنی مووچە بەهۆی قەیرانی ئابووری بووەتە هۆی ئەوەی کەمتر خەڵک بتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن، بەڵام کرانەوەی سەرلەنوێی بازاڕ خەڵکی هێناوەتە سەر شەقامەکان و دەستپێکی مانگی رەمەزان بە بەرەکەتێک دەزانن وەک سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتەکان.
