hemn husain
15 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2016
لە ژێر دروشمی "با کوردستان لە یەک رۆژدا پاک بکەینەوە" هەڵمەتی پاککردنەوەی سەیرانگای دڵۆپە بە سپۆنسەری رێکخراوی یوئێن دی پی دەستی پێکرد.
کاتژمێر ٩ی بەیانی مەراسیمەکە بە بەشداری ١٥ هەزار کەس دەستی پێکرد کە سەرجەم فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار کرابوونەوە، هاوکات لەو مەراسیمەدا هەریەک لە وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار، نەورۆز مەولود و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری ژینگە، عەبدولرەحمان عەبدولرەحیم و گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی و نوێنەری رێکخراوی یوئێن دی پی، بەشداری هەڵمەتەکە بوون.
هەڵمەتەکە دابەشکرابوو بەسەر 3 ناوچە و بۆ هەر ناوچەیەک 5 هەزار کەس تێیدا بەشدار بوو.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، نەورۆز مەولود تیشکی خستە سەر گرنگی هەڵمەتەکە و داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد رەچاوی پاک و خاوێنێ شوێنە گەشتیارییەکان بکەن. ئاماژەی بەوەیش کرد کە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لەبەرامبەر پاراستن و پاک راگرتنی نیشتمان.
دوای ئەنجامدانی هەڵمەتەکە پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەو هەڵمەتەمان دەست پێکردووە لە سەرجەم پارێزگا و قەزاکان کە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا بەشدارە، جگە لە پاککردنەوەی ئەو ناوچانە، مەبەستمان هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و گەشتیارانە بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی مرۆڤانە لەگەڵ ژینگەدا بکەن".
پارێزگاری هەولێر نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر ئەوەی گەشتیاران بۆ حەوانەوە روویان لەو سەیرانگایە کردووە کەچی بە شێوەیەکی نا تەندروست مامەڵەیان لەگەڵ ژینگەکەیدا کردووە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بەداخەوە کە خەڵکانێک بۆ سەربردنی کات و حەوانەوە روویان لەو سەیرانگایە کردووە بەڵام بە شێوەیەکی نا تەندرووست مامەڵەیان لەگەڵ ژینگەکەیدا کردووە و کە پاشماوە و زبڵ و خاشاکیان بەجێهێشتووە".
سەبارەت بە ژمارەی بەشداربووانی ئەو هەڵمەتە و رێژەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لەو ناوچەیە، پارێزگاری هەولێر گوتی: "ژمارەی بەشداربووانی ئەو هەڵمەتە بریتییە لە 15 هەزار کەس و مەزەندە دەکرێت قەبارەیەکی زۆر لە زبڵ و خاشاک لەناوچەیە کۆبکرێتەوە".
پارێزگاری هەولێر پەیامی ئەوەیە کە هاووڵاتییان و گەشتیاران لە داهاتوودا بایەخ بە پاک راگرتنی شوێنە گەشتیارییەکان بدەن و لەمبارەیەوە گوتی: "هیوادارین چۆن هاووڵاتییان و گەشتیاران دەیانەوێت کاتێکی خۆش لەو شوێنانە بەسەر دەبەن بە هەمان شێوە لەسەریان پێویستە کە ئەو شوێنانە بە پاک و خاوێنی رابگرن و رێز لە ژینگە بگرن".
ئەو هەڵمەتە بە هاوکاری رێکخراوی یوئێن دی پی بەڕیوەچوو کە پێشبینی دەکرێت چەندەها تۆن پاشماوە و خاشاک لەو سەیرانگایە کۆبکرێتەوە.
سەیرانگای دڵۆپە بە دووری 12 کیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی شاری هەولێر و 420 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، ئەم ناوچەیە ئاو و هەوایەكی خۆش و سرووشتێكی پاکی هەیە لە بەهاراندا، هەموو ساڵێك ژمارەیەكی زۆر گەشتیاران و هاووڵاتییان بە مەبەستی بەسەربردنی کارێکی خۆش سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن.