Hawkar Yaseen
13 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2020
هەولێر AA
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری هەولێر دوای لێدوانەکانی پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی رێکارە نوێیەکانی رێگەپێدان بە هاتنە ناوەوەی هاووڵاتییان بۆ سنووری پارێزگای هەولێر، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لێکدانەوەی هەڵە بۆ قسەکان کراوە و مەبەست لە هاووڵاتییانی پارێزگاکانی عێراقە، نەوەک پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان".
لە روونکردنەوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری هەولێردا هاتووە "لەلایەن هەندێک کەس و میدیا، لێکدانەوەی هەڵەی بەمەبەست و بێ مەبەست بۆ قسەکانی پارێزگاری هەولێر کراوە کە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لەسەر هاتنە ژوورەوەی خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ پارێزگای هەولێر کردنی، پارێزگاری هەولێر زۆر بەڕوونی رایگەیاند لە پێناو کارئاسانی هاتنە ژوورەوەی هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر، سەرقاڵی داڕشتنی میکانزمێکن بۆ ئەوەی ئەو خەڵکانە بتوانن بێنە ناو شاری هەولێر بەمەرجی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی لەسەر ئەرکی خۆیان و بە نرخێکی گونجاو، ئەمەیش هەم بۆ کارئاسانی هاووڵاتییان و هەمیش بۆ پەرەپێدانی جموجۆڵی بازرگانیی و رانەوەستانی کاروکاسبی خەڵک".
لە روونکردنەوەکەدا هەروەها هاتووە "هەرچی دیکە دەگوترێت بێجگە لەوەی کە باسکراوە دوورە لەڕاستی و مەبەست لێی تەنها بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی راستییەکانە".
پێشتر پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە میانی بەسەرکردنەوەی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەک لە شاری هەولێر رایگەیاندبوو "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سەرقاڵی میکانیزمێکی نوێین کە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، لەمەودوا لە هەموو بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر پشکنین دادەنێین، ئەو هاووڵاتییەی دەیەوێت داخڵی هەولێر بێت بە نرخێکی دیاریی کراو پشکنینی بۆ دەکرێت کە لە ٥٠ هەزار دینار تێ ناپەڕێت بەتایبەت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە پارێزگاکانی عێراق دین، لەوانەیە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان میکانیزمەکە جیاوازی هەبێت، ئەوانەی دێن لەمەودوا تەنها پشکنین دەکەن و پێویست بە هەماهەنگی پێشوەختە ناکات بۆ هاتنە ناوەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەیە جوڵەی ئابووریی و بازرگانیی لە شاری هەولێر نەوەستێت چونکە داخستنی ئەو رێگایانە کاریگەری لەسەر بازاڕ و ئابووری هەبووە".