Heman Hussein Yaseen
13 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2020
هەولير - AA
لە چوارچێوەی رێوشوێنەکان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر راگرتنی گەشتەکانی تا ٢٢ی تەمووز درێژکردەوە و رایگەیاند کە لە میانی راگرتنی گەشتەکاندا، گەشتەکانی دیپلۆماتکاران، کارگۆ و سەربازیی بەردەوام بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، تەلار فایەق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی راگرتنی گەشتەکانی تا ٢٢ی تەمووز درێژکردووەتەوە" و رایگەیاند کە دوای ئەو بەروارە رێککارەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و ئەگەری دەست پێ کردنەوەی گەشتەکان ھەیە.
رۆژی ١٧ی ئاداری ئەمساڵ لە چوارچێوەی رێوشوێنەکان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت و بەرێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێریش رایدەگەیەنێت کە لە میانی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکاندا، ٤٤ ھەزار و ٦٦٦ کەس لەڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە گەشتیان کردووە و گوتی:
"لە میانی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکاندا، ٤٤ ھەزار و ٦٦٦ کەس ھاتوچۆیان کردووە، شەش ھەزار تۆن کەلوپەل لەڕێگای فڕۆکەخانەوە ھاتووە و رۆیشتووە، ھەروەھا زیاتر لە ھەزار و ٧٠٠ فڕۆکە لەڕێگای ٤٤ ھەزار گەشتەوە ھاتوچۆیان کردووە".
تەلار فایەق هەروەها گوتی: "رێنماییەکان بە فەرمی دەرنەچوون بۆ ئەوەی بزانین رێنماییەکان چۆن دەبێت و خەڵکی کام وڵات رێگە پێ دراو دەبێت، بەڵام ھەر کاتێک گەشتەکان کرانەوە، ئەوا ئێمە ھیچ کێشەیەکمان نییە و ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە".