13 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، فەریق روكن عەبدولئەمیر شممەری رایگەیاند كە هێزەکانی دژەتیرۆر ئۆپەراسیۆنێكی پاكسازیكردنیان لە سنووری یەكلاكەرەوەی نێوان هێزەكانی سەربە حکوومەتی فیدرال و هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامداوە.
فەریق روكن عەبدولئەمیر شممەری باسی لە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق كرد و رایگەیاند كە ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە كە لە میانیدا، هاوكاری و هەماهەنگیی باش لەنێوان هێزە ئەمنییەكاندا هەیە و گوتی:
"ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، پتەوتركردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگای دیالە، بۆ ئەوەی خێزانە ئاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، فەریق روكن عەبدولئەمیر شممەری ئاشكرایشی كرد كە دژەتیرۆر بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكان، ئۆپەراسیۆنێكی پاكسازیكردنیان لە سنووری جیاکەرەوەی نێوان هێزەكانی سەربە حکوومەتی فیدرال و هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامداوە.
گوتیشی: "لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، ژمارەیەك تیرۆریست كوژراون، هەروەها ژمارەیەك حەشارگەی داعش دۆزراونەتەوە كە چەك و تەقەمەنی و پشتێنەی بۆمبڕێژكراویان تیایدابووە".
لە رۆژی شەممەی رابردووەوە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی سەربە پارێزگای دیالە دەستی پێ كراوە كە تا ئێستا درێژەی هەیە.
پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاندبوو كە لە رۆژی یەكەم و دووەمی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراقدا، ژمارەیەك تیرۆریست كوژراون و ژمارەیەك حەشارگەیش خاپووركراون.