نیویۆرك
پەیامنێری كەناڵی cbs چارلی رۆزە بەشی دووەمی دیمانەكەی لەگەڵ سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد بڵاو كردەوە، رۆزە لە سەرەتای ئەو دیمانەیەدا ئاماژەی بەوە كرد كە پێش چوار ساڵ ئۆباما جەختی لەوە كردبوویەوە كە پێویستە بەشار ئەسەد نەمێنێت، بەڵام ئەمڕۆ هێشتا بەشار ئەسەد لێرەیە بەڵام بەشێكی گەورەی وڵاتەكەی لەدەست داوە و پرسیاری كاریگەری هێرشی هاوپەیمانی بۆ سەر داعش لە بەشار ئەسەد كرد.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بەشار ئەسەد گوتی: "لە بواری هەرێمی و ناوچەییدا تۆزێك سوودی ئەو هێرشانە هەبوو بەڵام لە سەرەتای دەست پێكردنی هێرشی هاوپەیمانانەوە تا ئەمڕۆ داعش هەر گەورەتر بووە و مانگانە لە سووریا هەزار كەس دەچنە نێو ئەو رێكخراوەوە و لە عێراق و لیبیایش داعش گەورەتر دەبێت.
بەشار ئەسەد لە درێژەی قسەكانیدا سعوودیە تۆمەتبار دەكات و دەڵێت: "داعش هێزی خۆی لە یەكگرتنەوەی سیستەمی سیاسی سعوودیە و ئایدئۆلۆژیای وەهابییەت وەردەگرێت.
لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لە بارەی بەكارهێنانی گازی كلۆر و بەرمیلی بۆمبڕێژكراو لە لایەن سوپای سووریاوە ئەسەد گوتی: "پڕۆپاگەندەی بەكارهێنانی گازی كلۆر پڕۆپاگەندەیە لە دژی سووریا و گازی كلۆر گازێكی سەربازی نییە و لە هەموو شوێنێك دەفرۆشرێت و چەكێكی كاریگەریش نییە. لە بارەی دەنگۆی بەرمیلی بۆمبڕێژكراویشەوە ئەسەد بە شێوەیەكی راستەوخۆ ئەو دەنگۆیانەی رەت نەكردەوە و جەختی لەوە كردەوە كە شتێك بە ناوی بەرمیلی بۆمبڕێژكراو نییە و بۆمبەمان هەیە و هەموو بۆمبەكانیش بۆ كۆشتنن.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كە ئایا ئێران و رووسیا لە بەرامبەر ئەو هاوكارییانەی پێشكەشی سووریایان دەكەن داوای چی دەكەن؟ ئەسەد گوتی: "رووسیا و ئێران بە دوای ئاشتی و ئارامی ناوچەكەدا دەگەڕن. رووسیا دەیەوێت لە سەرانسەری دونیا هاوسەنگییەكان رابگرێت و بۆ ئەوەی لە سەر سیاسەتی جیهان و داهاتوودا خاوەن قسە بێت هاوكاری سووریا دەكات، لەم شەڕەدا سووریا، ئێران و رووسیا هاوڕان و ئێران و رووسیا بۆ ئارامی و چارەسەری سیاسی پشتگیری لە سووریا دەكەن و لە بەرامبەریشدا هەتا ئێستا داوای هیچ شتێكیان لە سووریا نەكردووە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا لە چە حاڵەتێكدا بیر لە وازهێنانی ئەو پۆستە دەكەینەوە؟ ئەسەد گوتی: "ئەگەر بێتۆ خەڵكی سووریا پشتگیریم لێ ناكات و بۆم دەربكەوێت كە ناتوانم نوێنەرایەتی بەرەژوەندی و نرخەكانی سووریا بكەم ئەو كاتە واز لەم پۆستە دەهێنم".
لە وەڵامی چۆن بڕیار لەسەر ئەمە دەدەین؟ ئەسەد گوتی: "دیالۆگی رۆژانی من لەگەڵ خەڵكدا هەیە بۆیە زۆر بە ئاسانی دەزانم كە ئایا خەڵك پشتگیریم لێ دەكات یا نا و لە كۆتایشدا منیش مرۆڤم".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكە لە بارەی دیالۆگی لەگەڵ ئەمریكادا ئەسەد گوتی: "ئێمە هەمیشە دەرگاكانمان بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ كراوەن و هیچ كات بۆ دیالۆگ دەرگامان دانەخستووە و بۆ دەستپێكردنی دیالۆگ پێویستە ئەوان ئامادە بن".
ئەسەد گوتی: "دەمانەوێت وەكو رابردوو پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكادا باش بن و هیچ كەسێكی عاقڵ نایەویت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا خراپ بێ".
ئەسەد جەختی لەوە كردەوە كە لە ئەگەری دەستپێكردنی دیالۆگدا بە هیچ شێوەیەك مەشروعیەتی خۆی ناكاتە پرسی دانوستان چونكە نە ئەمریكا بەڵكو دەبێت خەڵكی سووریا لەو بارەوە بڕیار بدات.