عێراق

"هەماهەنگی لەنێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و پێشمەرگەدا هەیە"

- سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد رەزا ئال حەیدەر: "لە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراقدا کە بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەک ناوچەی پارێزگای دیالە ئەنجام دەدرێت، ".

13.07.2020 - نوێکردنەوە : 13.07.2020
"هەماهەنگی لەنێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و پێشمەرگەدا هەیە"

Baghdad

بەغدا - AA

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد رەزا ئال حەیدەر رایگەیاند کە لە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراقدا کە بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەک ناوچەی پارێزگای دیالە ئەنجام دەدرێت، هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە.

محەمەد رەزا ئال حەیدەر ئەندامی حزبی ئیستیقامە و سەربە فراکسیۆنی سائیرون لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق ئاشکرای کردووە کە لە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراقدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە سازکراوە، تەنانەت لیژنەی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا پێک هێنراوە.

گوتیشی: "لە میانی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراقدا، دووبارە سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانەی پارێزگای دیالە گەڕاوەتەوە کە پێشتر لەڕووی ئەمنییەوە مەترسیداربوون و لەژێر کۆنترۆڵی شانە نووستووەکانی داعش دابوون".

لە رۆژی شەممەی رابردووەوە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی سەربە پارێزگای دیالە دەستی پێ كراوە كە تا ئێستا درێژەی هەیە.

پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاندبوو كە لە رۆژی یەكەم و دووەمی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراقدا، ژمارەیەك تیرۆریست كوژراون و ژمارەیەك حەشارگەیش خاپووركراون.

سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی کە لە پۆستە باڵا سەربازیی و ئەمنییەکاندا ئەنجامدراون، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد رەزا ئال حەیدەر گوتی: "سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە سەربازیی و ئەمنییەکاندا ئەنجامداوە کە ئەوەیش کارێکی ئاساییە، چونکە گۆڕانکارییەکان لە پێناو رێکخستنەوەی دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکاندا ئەنجامدراون".

مستەفا كازمی كە لە حەوتی ئایارەوە بووە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، تا ئێستا چەندین گۆڕانكاری لە پۆستە ئیداریی، ئەمنیی و سەربازییەكاندا كردووە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın